بەرپرسێکی کۆمیسیۆن: لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق 701 سەرپێچی تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا تائێستا 701 سەرپێچی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکراون. دەشڵێت، لە ماوەی 24 کاژێردا ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رادەگەیێنن.
د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری حیزبەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو کردووە و رۆژی 13ی مانگ تەواوی پێداویستییەکان گەیشنتە عێراق و هەر هەمان رۆژ هەشت ئۆفیسی سەرەکی کۆمیسیۆن پێداویستییەکانیان وەرگرت و ئێستاش دابەشکردنی پێداویستییەکان بەردەوامە.
رۆژی 1-11-2023، بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگانى عێراق دەستیپێکرد و کاژێر شەشی بەیانی رۆژی هەینی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت.
سەبارەت بە سەرپێچییەکان لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا د. هەیمان تەحسین، گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ 701 سەرپێچی تۆمارکراون، زۆرینەی ئەو سەرپێچیانە دوای رێکارەکانی کۆمیسیۆن لابراون، تەنیا 245 سەرپێچی ماوە و ئەو سەرپێچیانەش بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، زیاتر لە 40 بڕیار بۆ سزادانی ئەوانەی سەرپێچیان کردووە دەرکراوە، سزاکانیش لە نێوان 500 هەزار دینار بۆ 5 ملیۆن دینارە."
لەبارەی گەڕاندنەوە و وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان، ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "ئێستاش دابەشکردنی کارتەکان بەردەوامە و هەر کەسێک کارتی نوێی دەنگدانی پێنەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، ئەم کارتەی ئێستا هۆکارێکە بۆ رێگریکردن لە ساختەکردنی. لە دوو هەفتەی رابردوودا بەدەمەوەهاتنی باش هەبوو بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان."
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن پێشبینی دەکات رێژەی هەڵبژاردن بەرز بێت، بە تایبەتی لە کەرکووک، موسڵ و دیالە. گوتیشی: "لە بەغدا زۆرترین ژمارەی کارتی دەنگدان وەرگیراوەتەوە، بە دوای ئەویشدا موسڵ، بەسرە و کەرکووک دێن کە لەو شارانەن زۆرترین کارتی دەنگدانیان تێدا وەرگیراوەتەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری حیزبەکان، جەختیکردەوە: ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر رێگر دەبن لە ساختەکردن لە هەڵبژاردندا و لە هەموو وێستگەکاندا کامێرای چاودێری هەیە و هەمووی تۆمار دەکرێت، زۆر زۆر ئەستەمە ساختەکاری لە هەڵبژاردن بکرێت، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بە تەواوی مافی دەنگدەر دەپارێزێ. بەپێی یاسا دەبێت لەماوەی 24 کاژێردا ئەنجامی هەڵبژاردن رابگەیەنرێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پابەندە بەو ماوەیە و لەماوەی 24 کاژێردا ئەنجامی هەڵبژاردن رادەگەیێنرێت.
16ى کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستپێدەکات کە ئاوارە و هێزە ئەمنییەکان دەنگدەدەن. دەنگدانى گشتى لە رۆژی 18ی ئەم مانگە لە کاژێر 07:00ـی بەیانى بۆ 06:00ـی ئێوارە دەبێت.
16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس لە 15 پارێزگاى عێراق کە تۆمارى بایۆمەترى دەنگدانیان کردووە، مافى دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق هەیە کە بۆ یەکەمجارە لە دواى 10 ساڵ لە 14 پارێزگا دەکرێت و یەکەمجاریشە ئەو هەڵبژاردنە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.