دانیشتنی دادگا لەسەر یاسای هەمواركراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دواخرا

رووداو-هەولێر

دانیشتنی دادگای ئیتیحادی عێراق، لەسەر یاسای هەمواركراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبچێت، بۆ 18ی مانگی یازدەی ئەمساڵ دواخرا.

دوای ئەوەی پارتی لەگەڵ كۆمەڵێك لایەنی دیكە لە دادگا ئیتیحادی عێراق سكاڵایان لەسەر ماددە 16ی یاسای هەمواركراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق تۆمار كرد، بڕیاربوو ئەمڕۆ 14ی 10 دانیشتنێكی دادگا لەو بارەیەوە بەڕێوەبچێت. د.ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دانیشتنەكە بۆ 18ی مانگی 11دواخرا، ئەوەش حاڵەتێكی ئاسایی ئیشوكاری دادگایە، پێدەچێت بۆ یەكخستنی هەموو سكاڵاكان بێت، چونكە بەپێی زانیارییەكانی ئێمە هەشت سكاڵا لەوبارەیەوە تۆمار كراون".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوە كردەوە ئەوان وەك لایەنە كوردستانییەكان گرنگی زۆر بەو پرسە دەدەن‌. گوتیشی "هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە، یاساكە دووبارە هەموار بكرێتەوە بەتایبەت ماددەی 16ی یاساكە".

لە ماددەی 16ی یاسای هەمواركراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا بڕگەیەك هەیە باس لەوە دەكات، ئاوارەكانی كەركووك و نەینەوا ناتوانن لە شوێنی نیشتەجێبونی ئێستایان دەنگ بدەن، بەڵكو دەبێت بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە سنووری پاریزگاكانیان، بەبڕوای بەرپرسانی كوردیش ئەو بڕەگەیەی یاساكە، زیانی بۆ دەنگی كورد لە ناوچەكێشە لەسەرەكان دەبێت، هەر بۆیە سكاڵایان تۆمار كردووە ‌و داوای هەمواركردنەوەی یاساكە دەكەن.