پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکی کورد و تورکمان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو هەفتە لە ناکۆکیی نێوان کورد، سوننە و شيعە لەسەر پڕۆژە یاساکان؛ رۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانووی کورد و تورکمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەدات.
پەرلەمانی عێراق کارنامەی خۆی بۆ رۆژی دووشەممە بڵاوکردەوە، یەکەمین کاریشی دەنگدان دەبێت لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خانووبەرەی کورد و تورکمان، کە لە سەردەمی حکومەتی بەعس بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەو کات، لێیان زەوتکرابوون.
فراکۆسیۆنە کوردستانییەکان پێشتر رایانگەیاندبوو، ئەگەر دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە نەخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە، بەشداری لە هیچ دانیشتنێکدا ناکەن.
ئەمڕۆ شەممە، پێش بڵاوکردنەوەی کارنامەی پەرلەمان، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان سوورن لەسەر بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، تاوەکو پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانوو بۆ خاوەنەكانیان دەخرێتە بەرنامەی کارەوە."
پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، خرابووە بەرنامەی کاری رۆژی 03-09-2024 پەرلەمان بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام دانیشتنەکە نەکرا.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەر پرۆژەیاساکە لیژنەیەک لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنراوە و بڕیارە راپۆرتی خۆی پێشکێش بکات بۆ ئەوەی لەسەری بگەنە رێککەوتن و دەنگی لەسەر بدرێت.
سۆران عومەر هەروەها گوتی، "سوننەکان بە پلەی یەکەم دژی پرۆژەیاساکەن؛ شیعەکانیش پشتیوانی سوننەکان دەکەن."
شەوی 03-09-2024 فراکسیۆنە کوردستانییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق کە پێکهاتوون لە (پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری، لەگەڵ پەرلەمانتارێکی پێکهاتەی کرستیان) پەیامێکی ناڕەزایی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
فراکسیۆنەکان گوتیان، هەندێ لایەن رێگرییان کردووە لەوەی لە دانیشتنەکەی پێشتری پەرلەماندا پڕۆژەیاسای "گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی" تێپەڕێنرێت و پەسند بکرێ کە مافی ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە کە بەدەست "رژێمی پێشووەوە ناڵاندوویانە و تووشی راگواستن و سەرکوتکاری بوون."
لە پەیامەکەیاندا داوا لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و هاوبەشەكانیان لە "نیشتمان" دەکەن لەگەڵیان بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایە "لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و كۆتایهێنان بە زەرەرمەندبوونی ئەو هاووڵاتییانەی قوربانیی سیاسەتەكانی رژێمی لەنێوچوون؛ هەروەها بۆ زامنكردنی سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی، بەتایبەت لەناوچە كێشە لەسەرەكان."
پێنج بڕگەی دیکە لە کارنامەی رۆژی دووشەممەی پەرلەماندا هاتوون کە بریتین لە: دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بەکرێگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی هەمورای یاسای باری کەسی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی، تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای مافی خاوەندارێتیی هزری و تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی.
هەمواری یاسای باری کەسی
لە کۆبوونەوەی دووشەممە دا، پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسی دەکات کە مشتومڕێکی گەورەی لە نێو کۆمەڵگەی عێراقیدا ناوەتەوە.
رەخنەگرانی یاساکە هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر پەسەند بکرێت، دەبێتە هۆی بەشوودانی منداڵان، پێشێلکردنی مافی منداڵان و ژنان.
یاساکە بە ژمارەی 188 لە ساڵی 1959 بە دوو ماددەوە دەرکراوە.
هەموارەکە لە لایەن رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆوە پێشنیاز کراوە.
رۆژی 24ـی تەممووزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکرد و تاوتوێکردنی دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی 4ـی مانگی ئابی پەرلەمان، هەموارەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.