نووری مالیکی: هیچ کێشەیەکی بێچارە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نییە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند کراوە، مووچەی مووچەخۆران رەوانە دەکرێت. دەشڵێت، "پێموانییە هیچ کێشەیەکی بێچارە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبێت." 
 
شەوی پێنجشەممە، 14-9-2023، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە بەغدا، قسەی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کرد و رایگەیاند، "لەچوارچێوەی پەیوەندیی ستراتیژیی و هاوبەشیی راستەقینە لەنێو سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق و کارە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەلامانەوە گرنگە گەلی کوردمان هاوشێوەی سەرجەم گەلانی عێراق لە سایەی حکومەتی عێراق لە تەبایی و سەقامگیری و ئاسوودەییدا بژین و عێراقییەکان سوود لە سامانەکانیان وەربگرن، سوپاس بۆ خوا عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە."
 
سەبارەت بە چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دەبێت بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە سەریهەڵداوە، گوتی: "پێموانییە هیچ کێشەیەک لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت بێچارە بێت، بەڵکو پڕۆسەی پێداچوونەوە و لێکتێگەیشتن هەیە کە وەکو ئەوەی لەبارەیەوە لەنێوان شاندەکە و برام سەرۆکوەزیران و حکومەت و لەنێوان ئێمە و ئەوان قسەکراوە ئەوەیە؛ بە رێگەچارەگەلێک تەواو دەبێت کە جێی رەزامەندیی هەمووان دەبێت و لەچوارچێوەی رێڕەوە یاسایی و دەستوورییەکان دەبێت."
 
لەبارەی ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا روونیکردەوە: "وا تێدەگەم بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی پشتیوان بەخودا وا دەبێت."
 
لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق، نووری مالیکی رایگەیاند: "کاتێک رێککەوتنی سیاسیی دەکرێت؛ بۆ ئەوەیە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوە ناکرێت بیخەینە جامخانە و شتی دیکە، ئەوەی لەسەری رێکدەکەوین بۆ ئەوەیە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر ئاڵۆزییەکیش لە هەندێک بڕگەکان هەبێت، ئەوا لەرێگەی گوتوبێژەوە چارەسەر دەکرێت."
 
لەبارەی گەرەنتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمجارە و ئەو لێکتێگەیشتنانەی دەکرێت کە زۆر جار هەرێمی کوردستان و بەغدا یەکتر بە پاشگەزبوونەوە لێیان تۆمەتبار دەکەن، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا  گوتی، "بەدڵنیاییەوە دەستوور  لە من و ئەوانی دیکە زیاتر گەرەنتییە بۆ هەرێمی کوردستان."
 
لە وەڵامی تایبەت بە هەڵوێستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پشتیوانیکردنی حکومەت و بڕیارەکانی گوتی: "بەتەواوەتی پشتیوانە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنێکی سەرەکییە لە پێکهێنانی حکومەت و حکومەتی سەرجەم عێراقییەکانە، چوارچێوە بەتەواوەتی بەرپرسیارێتیی دەگرێتە ئەستۆ لە پشتیوانی حکومەت و پشتیوانی بڕیارەکانی و پشتیوانی لە سازانەکانی نێوان حکومەت و هەرێمی کوردستانیش بەدڵنیاییەوە."
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025، لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسندکرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکییەوە، پارەی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب دابەشنەکراوە.
 
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-9-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند گەیشتنە بەغدا، شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن.
شاندەکە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، ژمارەیەک لایەنی نێو پڕۆسەی سیاسیی و کەسایەتییە دیارەکان کۆبوونەوە.