عەبادی بۆ رووداو: هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی عێراق مافیان هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، شاندەکەی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران باسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە. دەشڵێت، "هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان هاووڵاتییەکی عێراقییە هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی عێراق."
 
رۆژی پێنجشەممە 14-9-2023، حەیدەر عەبادی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لەبارەی ئەگەری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەجیا لەلایەن عێراقەوە لە وەڵامی پرسیارێکی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئەوە  پرسێکی حکومییە، شاندەکە لەگەڵ برام سەرۆکوەزیران[ـی عێراق] گفتوگۆیان کرد، پێویستە لە رۆشنایی یاسای بودجە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت، بەڵام من نامەوێت بچمە وردەکاریی بابەتەکەوە، بەڵام بەڵێ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان باسکراوە."
 
گوتیشی، "دەزانن من لە ساڵی 2018 مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانم دا، سەرباری ئەوەی ئەو کات کەرکووکمان گەڕاندەوە، ناوچە کێشە لەسەرەکانمان گەڕاندەوە، سەرباری ئەوەی هێشتا ناکۆکیی سیاسیی هەبوو، بەڵام تەماشای مافی هاووڵاتیمان دەکرد؛ هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان هاووڵاتییەکی عێراقییە هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی عێراق، بەهەموو شەفافییەت و دادپەروەرییەک مامەڵەمان کرد."

 

 
حەیدەر عەبادی گوتی، "داوا دەکەم دادپەروەرانە مامەڵە بکرێت، ناکرێت لایەنگری بۆ هاووڵاتی لە شوێنێک لەسەر حسابی ئەوانی دیکە لە عێراق بکەین، بۆ نموونە، بەهیچ شێوەیەک ناکرێت دژی هاووڵاتییەک لە بەسرە لایەنگیری بکەین لەبەرئەوەی بەرهەمهێنانی زۆرینەی نەوت لە بەسرەیە و مافی هاووڵاتی زۆرە، نابێت لایەنگیری بکەین، پێویستە دادپەروەری هەبێت، نابێت لەو دادپەروەرییە حساباتی سیاسی و هەڵبژاردن بکەین، دادپەروەری لە سەرەوەی هەموو شتێکەوەیە، من لەگەڵ جێبەجێکردنی بەرنامەی دادپەروەری و مافی هاووڵاتییانم." 
 
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-9-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند گەیشتنە بەغدا، شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن.
 
هەر ئەمڕۆ لە بەغدا، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، خەمیس خەنجەر و ئەیاد عەلاوی کۆبوونەتەوە. بڕیارە شاندەکە لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی بەشێک لە لایەنەکانی دیکە کۆببنەوە.