بەشێک لە لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە حیزبوڵڵا، نوجەبا و ئەسحابولکەهف لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا گردبوونەوە و هەڕەشەی ئەوەیان کە ئەگەر کۆتایی بە دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری عێراق نەهێنرێت، وەڵامی تووندیان دەبێت.
مەهدی جەعفەر، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "ئێمە ئەمڕۆ پێیان دەڵێین ئیدی بەسە، جووڵانەوەیەکی جەماوەریی سەربازی دروستدەکەین، ئەوەی ناڕازییە با ناڕازی بێت، ئەوەشی تووڕە دەبێت با ببێت، هەر کەسێک قسەیەکی هەیە با بیخاتەڕوو."
ئەبو جەعفەر لامی، یەکێکی دیکەیە لە خۆپێشاندەران و گوتی، "رەتیدەکەینەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە رووی ئابووری، سیاسی و سەربازی لە هەموو روویەکەوە دەستوەربداتە کارەکانی عێراق، با واشنتن ئاگادار بێت حیساب بۆ ئەوە بکات کە ئیدی گەلی عێراق لە مەینەتیدا ناژین."
لەسەر ئاستی پەرلەمانیش، بەشێک لەو پەرلەمانتارانە بەشدار بوون کە سەر بە گرووپە چەکدارەکانن، دەڵێن، یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق کارادەکەنەوە و کۆتایی بە ئەمریکییەکان دەهێنن لەسەر خاکی عێراق.
حەسن سالم، پەرلەمانتار بە رووداوی راگەیاند، "بەدڵنیاییەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دەرکردووە لەسەر خاکی عێراق، بۆیە پێویستمان بە کاراکردنی ئەو یاسایە هەیە، پشتیوان بەخودا داوامان لە سەرۆکوەزیران کردووە ئەو بڕیارە جێبەجێی بکات بۆ قەدەخەکردنی ئەم جۆرە دەستوەردانانە لەلایەن داگیرکەرانەوە."
ناوچەی سەوزی بەغدا لە ترسی چونەژوورەوەی خۆپێشاندەران و هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا داخرا و هێزێکی زۆری ئەمنی بە شەقامەکاندا بڵاوەیان پێکرا.