بزووتنەوەی حەماس نووسینگە لە بەغدا دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی نووسینگەی خۆی لە بەغدا دەکاتەوە. 
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی عێراق کە پارتێکی عێراقییە و گرووپی چەکداریی (کەتیبەکانی ئیمامی عەلی) هەیە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دوێنێ پێنجشەممە شاندێکی پارتەکەیان بە سەرۆکایەتی یەعقوب زەیدی، سەرۆک و ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسییان ئامادەی کردنەوەی نووسینگەی باڵی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بوون لە بەغدا. 
 
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا نووسینگەکە بە فەرمی بکرێتەوە، بەڵام چەند رۆژێکە لە نووسینگەکە پێشوازی لە میوانان دەکرێت.
 
محەممەد حافی کە لە نووسینگەکە پێشوازی لە میوانان دەکات، پێشتر سەردانی عێراقی کردووە و لە کۆتاییەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا لەگەڵ ئوسامە حەمدان، سەرکردەی دیاری بزووتنەوەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان کۆبوونەوە، لەنێویاندا قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق.
 
دەنگۆ ئاماژە بە کردنەوەی سەربازگە لە عێراق بۆ راهێنانپێکردنی چەکدارانی حەماس دەکەن، بەڵام چەند سەرچاوەیەک بە رووداویان راگەیاند، ئەو زانیارییانە نادروستن. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شاندەکەی بزووتنەوەکەیان لەگەڵ بەرپرسەکەی حەماس باسیان لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کردووە؛ هەروەها تیشکیان خستووەتە سەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ.
 
غازی فەیسەڵ، سەرۆکی سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان لەبارەی کردنەوەی نووسینگەکە ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "هەنگاوێکی مەترسیدارە و رەنگە لە داهاتوودا عێراق بکرێتە ئامانجی ئیسرائیل، بەتایبەت ئەگەر لەو نووسینگەیەوە چالاکی گومانلێکراو هەبن یان لێدوان دژی ئیسرائیل و ئامانج و بەرژەوەندییەکانی هەبن". 
 
غازی فەیسەڵ رایگەیاند: "حەماس لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لەژێر گوشار و لە هەوڵی دوورخستنەوەدایە. ئەم هەنگاوەی عێراق کارێکی هەڵەیە".