میلیشیاکانی عێراق: هەر کەسێک زانیارییمان لەسەر ئەفسەرانی CIA و مۆساد پێبدات خەڵاتی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
هەندێک لە میلیشیا شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی عێراقی" دەناسێنن دەڵێن بڕە پارەیەکی زۆری بەو کەسانە دەدەن کە زانیارییان لەسەر ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و مۆسادی ئیسرائیل پێبدەن.
"مقاوەمەی عێراقی" دەڵێت بڕێک پارەی زۆری بۆ ئەو کەس و دەزگا ئاسایشییانە و ئەو بیانییانە تەرخانکردووە کە زانیارییان لەسەر ئەفسەرانی CIA و مۆسادی ئیسرائیلی پێبدات، هەروەها ئەم بڕە پارەیە بۆ بەعسی و ئەندامانی داعشیش هەیە لەوانەی کە نیشتەجێی عێراقن و پەیوەندییان بە دەزگا هەواڵگرییەکانی دەرەوەی عێراق هەیە.
لە راگەیێنراوەکەیدا ئەو میلیشیایانە هیچ بڕە پارەیەکیان دیاری نەکردووە. مەرجی ئەوەشی داناوە کە دەبێت بە بەڵگەی تەواو و یاسایی تاوانەکان بسەلمێنرێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بە سزای خۆیان بگەن.
هەڵوێستەکەشی بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەروەریی عێراق ناوبردووە بۆ دەرهێنانی گەلی عێراق لەوەی ناوی لێناوە: "وەحشیگەریی داگیرکاریی ئەمریکا و رۆڵی تاوانکارانی زایۆنییەت".
رۆژی پێنجشەممە 10ی حوزەیرانی 2021 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتێکی 3 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کەسانە راگەیاند، کە زانیاری لەسەر ئەو کەسانە پێبدات کە بە مووشەک یان درۆن هێرش دەکەنە سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق.