سوودانی لە ئەمریکا؛ عێراق دەیەوێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەرکەکەی بگۆڕێت


رووداو دیجیتاڵ 

پاش نزیکەی 10 ساڵ، عێراق خوازیارە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی وڵاتەکەی بگۆڕێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی یەکێک لەو دۆسێیانەی لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا گفتوگۆی جدی و چڕی لەبارەوە دەکات، پرسی کۆتاییهێنانە بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێو دەوڵەتی یانیش گۆڕینی ئەرکی سەربازییانە.
 
ئەوە هەوڵێکە و زۆربەی هێزە شیعەکان بەتایبەتی ئەوانەی نزیکی ئێرانن و ئێستا دەسەڵاتیان لە عێراق بەدەستە، لەگەڵ بەپەلە جێبەجێکردنیدان.
 
فالح خەزعەلی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و دەڵێت، "ئامادەیی ئەمریکا لە عێراق و بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان کە لە پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 5-1-2020 دەرکراوە، دەبێت رێزی لێ بگیرێت وەک بڕیارێکی پەرلەمانی فیدراڵی، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە رێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگیرێت و بەپێی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بکرێت." 
 
کورد لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە. سوننەکانیش زۆرینەیان هەر هەمان بۆچوونیان هەیە، بەڵام دەنگیان هەڵنابڕن و زیاتر هەر لە ژێرەوە ئەو پشتیوانییەوە دووپات دەکەنەوە.
 
ئەحمەد مەشهەدانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کە سوننەیە دەڵێت، "ئامادەیی هێزە بیانییەکان لە عێراق ئەوە پرسێکە بە دڵنیاییەوە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دیاری دەکات کە ئاخۆ بە چی جۆرێک لە بەرژەوەندیی عێراق دایە ئاخۆ عێراق ئەمڕۆ دەتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات بەبێ ئامادەیی ئەو هێزانە، ئەگەر ئەو پرسیارە لەمن بکەی، وەک بۆچوونی کەسیی خۆم پێموایە عێراق ئەمڕۆ دەتوانێت سەروەریی عێراق بپارێزێت." 
 
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2008دا دوو رێککەوتنیان واژۆکرد، ئەوانیش رێککەوتنی سۆفاو رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی بوون. یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2011 کۆتاییهات، بەڵام دووەمیان رێککەوتنێکی فراوانە و هیچ کاتێک بۆ کۆتاییهاتنی دیاری نەکراوە.