بکوژی کارمەندەکەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، بکوژی کارمەندەکەی ئاژانسی هەواڵی عێراقییان دەستگیرکردووە.
پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێزێکی تایبەتی تیمی هەواڵگری رەسافەی بەغدا، توانیان ئێوارەی ئەمڕۆ بکوژی کارمەندەکەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی دەستگیربکەن."
عەمید میقداد میری راشیگەیاند، "بکوژ رادەستی دادگە کراوە و رێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
بەڵام دادگەى لێکۆڵینەوەى رەسافە رایگەیاند، بکوژى رۆژنامەنووسەکەى ئاژانسى فەرمى عێراق لە پارێزگەى بەسرە خۆى رادەست کردووە.
ئەو دادگەیە لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، فەرمانى راگرتنى ئەو تۆمەتبارەیان دەرکردووە و تیمى ئەمنى پێکھێنراوە بۆ دەستگیرکردنى و ئەوەش ناچاری کردووە لە بەسرە خۆى رادەست بکات.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئادار، ئاژانسی هەواڵی عێراقی، کوژرانی کارمەندێکی خۆی بە ناوی لەیس محەممەد رەزا، لە ئەنجامی روودانی شەڕەتەقە لە ناوچەی عەرەساتی بەغدا راگەیاند.