بەشێک لە کریستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دژی بڕیارێکی سەرۆککۆمار خۆپێشاندان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێدا و بە سەتان کریستیان لە قەزای عەنکاوەی هەولێر گردبوونەوە، دروشمیان بەرزکردەوە و پەیامی نیگەرانیی خۆیان بۆ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق نارد کە بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ناساندنی لویس ساکۆی وەک پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان دابوو.
گۆران سوور، سەرۆکی رابیتەی کلدانی لە جیهان بە رووداوی گوت، "هیوادارین بەو گردبوونەوەیە پەیامەکەمان بگات، بەبێ ئەوەی هیچ وڵاتێکی دیکە لە دەرەوە گوشار لە حکومەتی عێراق بکات."
سەرەتای ئەم مانگە، سەرۆککۆماری عێراق مەرسومی سەرۆکایەتیی کۆماری ژمارە 147ی ساڵی 2013ی بە هۆکاری نادەستووریبوونی کشاندەوە، ئەو مەرسومەی لە سەردەمی مام جەلال تاڵەبانی دەرکرابوو کە تایبەت بوو بە دیاریکردنی لویس ساکۆ وەکو پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان.
سەرۆکایەتیی کۆمار رایگەیاندووە، کشاندنەوەی مەرسومەکە زیان بە پێگەی ئایینی و یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیێنێت، چونکە لەلایەن پاپا فرانسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە پلەی پاتریارکی پێدراوە. ئەوەی زیاتر کریستیانەکانی تووڕەکردووە ئەوەیە کە لەنێو مەزهەبەکانی ئایینیی کریستیانەکان تەنیا مەرسومی تایبەت بە پاتریارکی کلدانەکان کشێندراوەتەوە.
سەلمان یەلدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی دەڵێت، "ئەمە کێشەیەکی سیاسییە، خەڵکانێکن لەلایەن وڵاتانی دەرەوە تێوەگڵاون، ئەو خەڵکانە جەنابی رەیان کلدانییە، کە ماوەیەکە کێشەی لەگەڵ کەنیسەی کلدانی هەیە."
ژمارەیەک لە موسڵمانان بۆ پشتگیریی کریستیانەکان بەشداریی گردبوونەوەکەیان کرد لە عەنکاوە. بەناز محەممەد، فەرمانبەرە و دەڵێت، "من وەکو موسڵمانێکی دانیشتووی قەزای عەنکاوە پاڵپشتیی خۆم بۆ کریستیانەکان دەردەبڕم."
نیگەرانی و تووڕەبوونی کریستیانەکان لە عێراق و بەغدا، لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان و هەولێر دۆخێکی دیکە دەبیندرێت، بەجۆرێک دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە گواستنەوەی بۆ ئەمریکا، ساڵی 2015 کورسیی پارتیارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشورییەکان گەڕێندرایەوە عێراق، بەڵام نەک بۆ بەغدا، بەڵکو بۆ هەولێر.