بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەستپێبکات


رووداو - بەغدا

بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە دەست بە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بکرێت. بەپێی ماددەی 12 لە یاسای بودجە، ئەو پارەیەی تەرخانکراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ تەواوی ساڵی 2023، 10 ترلیۆن و 867 ملیار دینارە، واتە مانگانە 906 ملیار دینار تەرخانکراوە.
 
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەم یاسایە ئەسەر رەجعی بۆ دانراوە، لە 01-01-2023، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، یەک 'گابمان' هەیە ئەویش ئەوەیە ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی فرۆشتووە لە 01-01-2023، تا رێککەوتنە نەوتییەکە کە لە مانگی چوار بوو، لەو حاڵەتە لێبڕین دەکرێت یانی ئەو بڕ پارەیەی کە هەیەتی چەندی دەستکەوتووە بە 70 دۆلار دەخەمڵێندرێت، لەو حاڵەتە لێبڕین دەکرێت و دواتر شایستەکانی دەدرێتێ".
 
سەرۆککۆماری عێراق ماوەی 15 رۆژی لەبەردەستە تاوەکو واژۆ لەسەر پەسەندکردنی بودجە بکات، پاشان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەش پێویستی بە دەرکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی دەبێت.
 
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، "پێداگری دەکەین بۆ رازیکردنی هەموو گەلی عێراق، هەموو پارێزگاکان بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەو رێککەوتنەی کرا زۆر باش و نموونەییە، بە تایبەتی تاوەکو ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز دەردەکرێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئیتر کار بەم یاسایە دەکەین، ئەوکات لە بودجە و کێشەکانیشی رزگارمان دەبێت".
 
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بە 12.67٪ دیاریکراوە، بە خەرجکردنی کرێی گواستنەوە و دەرهێنانی نەوت، نزیکەی 20 ترلیۆن دینار دیاریکراوە.