بەغدا مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.

ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند، لە قۆناخی یەکەمدا نووسراوی فەرمی لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە کراوە، تێیدا ئاماژە بە خەرجکردنی مووچەی خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی داهاتوودا مووچەی وەزارەتەکانی دیکەش خەرجدەکرێت.
 
قوباد تاڵەبانی: کێشەی مووچە چارەسەر بووە
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 13-05-2024 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی چوار دایەوە و رایگەیاند، "کێشەی مووچە چارەسەر بووە و رەزامەندی لەسەر ناردنی دراوە."
 
 
قوباد تاڵەبانی گوتیشی، "دەبێت مووچە بنێردرێت، چونکە ئەوەی [لەلایەن بەغداوە] داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو، وەکو لیستی فەرمانبەران، ناردوومانن."
 
 
مەسرور بارزانی: بۆ ناردنی مووچە ئێمە ئەرکەکانی خۆمان جێبەجێ کردووە
 
دوێنێ یەکشەممە 12-05-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "تائێستا چاوەڕێین بۆئەوەی بەغدا بڕیاری کۆتایی بدات لەبارەی مووچەی مانگی چوار و هیوادارین مانگی پێنجیش لە کاتێکی زوودا [بنێردرێت]."
 
گوتیشی، "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە، وەکو ئەرک هەموومان جێبەجێ کردووە. هەرچی داواکاریی حکومەتی فیدراڵی هەبووە، کە هەرێم جێبەجێی بکات بۆ ئەوەی نەبێ بەکێشە، بۆ ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان، ئێمە جێبەجێمان کردووە. ئەوەی تر لەسەر خودی حکومەتی فیدراڵی دەمێنێ، کە بۆچی ئەم دواخستنە دەکرێت، هیوادارم ئەو کاتە خەڵکەکە پرسیارەکان ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی بکەن."
 
 
رۆژی 7ی ئایار، سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵ چاوەڕوانى رادەستکردنى داهاتى نانەوتیی هەرێمى کوردستانە بۆ ئەوەى پارەى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بنێرێت.