بە پشتبەستن بە سیستمی ئاودێریی نوێ عێراق بەرهەمهێنان گەنم دوو هێندە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بە پشتبەستن بە سیستمی ئاودێریی نوێ، بەرهەمهێنانی گەنم لە دۆنمێک زەویدا گەیشتووەتە تۆن و نیوێک.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئایاری 2024 حەیدەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، یەکەمجارە وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم زۆر پێش کاتی خۆی دەستپێدەکات، ئەم ساڵ لە 11ی نیسان دەستیپێكرد، "زۆریی بارانبارین و پشتبەستنی جووتیاران بە سیستمی ئاوپڕژێنی نوێ، بووە هۆی پێگەیشتنی دانەوێڵە لە کاتێکی زووتر."
بە گوتەی حەیدەر نووری، ساڵانی رابردوو وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم لە عێراق لە مانگی حوزەیران دەستی پێدەکرد؛ ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو زووتر دەستیپێکرد و بەرهەمیش زیاتر و جیاوازترە، بە شێوەیەک کە بۆ هەر دۆنمێک زەوی، تۆن و نیوێک گەنم بەرهەمهاتووە و لە ساڵانی رابردوودا 600 تاوەکو 700 کیلۆگرام بەرهەم دەهات.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، "تائێستا کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ملیۆنێک و 32 هەزار تۆن گەنمیان لە چوار پارێزگای باشووری عێراق (موسەننا، بەسرە، واست و زیقار) وەرگرتووە و رۆژانە توانیومانە 85 هەزار تۆن گەنم وەربگرین." بە گوتەی ئەو، ئەو بڕە گەنمە لە ماوەی 11ی نیسان تاوەکو 7ی ئایار وەرگیراوە.
بەبازاڕکردنی گەنم تەواوی پارێزگاکانی عێراقی نەگرتووەتەوە، تائێستا لە 6 پارێزگا دەستیپێنەکردووە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی بارانبارین و بەرزیی رێژەی شێ کە ئاستەنگ بۆ دروێنەکردنی بەرهەمەکان دروست دەکەن، ئەو پارێزگایانەش پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کەرکووک، دیالە و نەینەوا دەگرێتەوە.