یونامی پشتگیری لە هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی هێرشکارانی سەر کرێکارە سووریاییەکان دەکات

 گرووپە دەمامکدارەکە لێپێچینەوە لە کرێکارانی سووریایی دەکەن.
رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکە کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکراونەتەوە، کە گرووپێکی دەمامکدار بە ناوی هێزە ئەمنییەکانەوە هەڵدەکوتنە سەر کرێکارە سووریاییەکانی نێو عێراق و لێکۆڵینەوەی تووندیان لەگەڵدا دەکەن. یونامی نیگەرانی خۆی لەوبارەیەوە دەردەبڕێت و داوا دەکات، "تیمێکی ئەمنیی تایبەتمەند بۆ دەستگیرکردنی بکەرانی ئەو تاوانکارییانە پێکبهێنرێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "راپۆرتەکانی پەیوەست بە هێرشکردنە سەر کرێکارە سووریاییەکانی عێراق نیگەرانییەکی زۆری لەلای نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق دروستکردووە."
 
یونامی پێشوازی لە پەیامی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات، بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو جۆرە هێرشانە و راشیگەیاندووە، "دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق دەکەین، بۆ پێکهێنانی تیمێکی ئەمنیی تایبەتمەند بۆ دەستگیرکردنی بکەرانی ئەو تاوانکارییانە، چونکە ئەوانە شکۆی مرۆڤ دەشکێنن و مافەکانییان پێشێلدەکەن، لەگەڵ ئەوەی پێشێلی یاسا کارپێکراوەکانی عێراقیش دەکەن."
 
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق داوا لە هەموو لایەک دەکات، "پابەندی یاسا بن و دووربکەونەوە لە گوتاری رق و کینە، هەروەها پارێزگاریش لە سەقامگیری عێراق و دەوروبەرەکەی بکەن."
 
ئەو گرووپە هێرشکارە ناویان لە خۆیان ناوە، گرووپی "یا عەلى شەعبی" و تۆمەتبارن بەهێرشکردنە سەر هاووڵاتییانى سووریایی نێو خاکی عێراق.
 
هەر لەو بارەیەوە، دوێنێ چوارشەممە، سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان تیمێکی ئەمنی پێکهێنراوە، بۆ دەستگیرکردنى ئەوانەى هێرش دەکەنە سەر ئەو هاووڵاتییە سووریاییانەى لە عێراق کاردەکەن و توندووتیژى و کار نەشیاو بەرامبەریان دەکەن."
 
ئەو پێشهاتە دواى رووداوەکانى شارەکانى لازقییە و تەڕتووس بوو لە سووریا، کە زۆرینەى دانیشتووانەکەى عەلەوین. لەناوچە کەناراوییەکان پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانى سووریا و چەند گرووپێکى چەکدار روویدا، کە بە پاشماوەى دەسەڵاتى پێشووى بەشار ئەسەد ناودەبرێن.
 
هەمان رۆژ، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی دەستدرێژییەکان بۆ سەر سوورییەکان لە عێراق رایگەیاند، "ئەو کردەوانە سەرکۆنە دەکەین کە سوورییەکان لە عێراق رووبەڕوویان دەبنەوە، ئەو کردەوانە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانن."