ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: ئەم ساڵ 22 کەس بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ بەعس دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 22 کەسیان بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ حیزبی بەعس دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، "هێزەکانمان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، 22 تۆمەتباریان بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ حیزبی بەعسی قەدەخەکراو دەستگیرکردووە."
دەزگاکە راشیگەیاندووە، "ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکان بە پشتبەستن بووە بە زانیاری هەواڵگری ورد و چاودێری مەیدانی بەردەوام و تۆمەتبارەکان لە چەند پارێزگایەکی جیاوازدا دەستگیرکراون."
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، "تۆمەتبارەکان بەگوێرەی مادەی 8 و 9ـی یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعس دەستگیرکراون."
پەرلەمانی عێراق له دانیشتنی رۆژی شەممە، 30-7-2016، پڕۆژەیاسای قەدەخەكردنی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و سەرجەم حیزب و چالاكییە تووندڕۆكان و تیرۆریستییەكانی پەسندكرد.
بەگوێرەی راپۆرتێکى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریى عێراق، لە عێراق 1.8 ملیۆن کەس دۆسیەى حیزبى بەعسیان هەیە.