هەموواری یاسای بودجە؛ تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتی کوردستان دەکرێتە 16 دۆلار

 
رووداو - بەغدا

هاوکات لەگەڵ زنجیرە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە و بەرپرسانی باڵای حیزبی و حکومیی عێراق، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە کرا.
 
بەپێی ئەم هەموارە، تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە 8 دۆلارەوە دەکرێتە 16 دۆلار.
 
عەلا حەیدەری، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "یاسای بودجە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بۆ پەسندکردنی دەخرێتەڕوو، چونکە بە دڵنیاییەوە دواکەوتن لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە، نە خەڵک و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە حکومەتی فیدراڵی و نە پارێزگاکان-یش، بۆیە پێویستمان بە رێککەوتنێکی شەفافە، دەبێت دادپەروەریی بۆ هەموو لایەنەکانی تێدابێت."
 
لیژنەی دارایی پەرلەمان لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە، ژمێرکاری و قەرزی گشتیی وەزارەتی دارایی عێراق، دڵنیایی وەرگرتووە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
 
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە خانەنشینان و ئەنفالکراوان و شەهیدانەوە، بە شێوەیەکی رێکخراو. ئەوەی حکومەت ناردوویەتی، نزیکەی 11 تریلیۆن دینارە لە ماوەی ساڵی 2024دا، ئەمە بەسە بۆ ئەو مووچانە، بەڵام ئێمە پێمانوایە پارەی مووچە بۆ پڕۆژەی دیکە و بابەتی دیکە خەرج کراوە، کە بووەتە هۆی کورتهێنان لە مووچەی فەرمانبەران لە کوردستان."
 
‏ئەگەر لە هەمواری یاسای بودجەی عێراقدا تێچووی 16 دۆلارەکە پەسند بکرێت، ئەوا گرێکوێرەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و، دوای نزیکەی دوو ساڵ جارێکی دیکە نەوتی کوردستان دەگاتەوە بازاڕەکانی جیهان.
 
کاتێک لە دەرەوەی پەرلەمان رێککەوتنی سیاسی دەکرێت، دووریی نێوان لایەنەکان کورت دەکرێتەوە و بەستەڵەکی ناکۆکییەکان دەتوێندرێتەوە، لە پەرلەمانیش خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و تەنانەت دەنگدانیش لەسەر پرۆژەیاساکان وەکو ئاو دەڕوات و رێچکەی خۆی دەگرێت.