دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
زەنگی دووەم بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لێدرا و پەرلەمانتاران چوونە هۆڵی پەرلەمان بۆ دەستپێکردنی دانیشتنەکە. کۆبوونەوەکە بە بەشداریی 260 پەرلەمانتار دەستیپێکرد.
رۆژی شەممە، 13-01-2024، کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 3:00ـی دوانیوەڕۆ زەنگی یەکەم بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لێدرا، بەڵام دواتر کۆبوونەوەکە دواخرا و ئێستا زەنگی دووەم لێدراوە و پەرلەمانتاران دەچنە هۆڵی پەرلەمان."
کاروان یاروەیس گوتیشی، "ئێستا رێژەی یاسایی تەواوە و پێشبینی دەکەین کۆبوونەوەکە دەستپێبکات و سەرۆک هەڵبژێدرێت."
تاوەکو کاژێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ 260 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بوون.
بڕیاربوو کاژێر 3:00ـی ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات و سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێدرێت، بەڵام دواتر کۆبوونەوەکە دواخرا.
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی 166 پەرلەمانتارە لە 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی هەینی، 12-01-2024، پەرلەمانتارانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان کۆبوونەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاریاندا شێخ شەعلان عەبدولجەبار کەریم بەربژێریان بێت.
بەپێی یاداشتێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، 45 پەرلەمانتارەکەی تەقەدووم واژۆیان کردووە کە شێخ شەعلان بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
زرغام مالیکی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر لایەنێک زۆرینەی نێو سوننەکان بێت، پێویستە سەرۆکی پەرلەمان لەو لایەنە بێت. بەپێی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی زۆرینەی کورسییەکانی هەیە. هەربۆیە پێویستە سەرۆکی نوێی پەرلەمان لە هاوپەیمانی تەقەدووم بێت".
بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆچوونی دیکەیان هەیە. سائیر جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت، دەوڵەتی یاسا و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پشتیوانی لە مەحموود مەشهەدانی لە هاوپەیمانیی عەزم دەکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەربگرێت.
ئێستا لەنێو سوننەکان سێ بەربژێر بۆ جێگرتنەوەی محەممەد حەلبووسی هەن کە بریتین لە شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی؛ سالم عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر و مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم.