کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ یەکشەممە پێشخرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەفتانە رۆژی سێشەممە کۆدەبێتەوە، بەڵام گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەکە بۆ یەکشەممە پێشخراوە. 
 
رۆژی شەممە، 13-01-2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی پێشخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە گوتی، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆسی سویسرا دەکات بۆیە کۆبوونەوەی ئەنجوومەن پێشخراوە."
 
بڕیارە رۆژی دووشەمە 54ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس بەڕێوەبچێت. لە کۆڕبەندەکە نزیكەی 100 سەرۆک وڵات، سەرۆکوەزیران، میوانی فەرمی ئامادە دەبن هاوکات نزیكەی 2800  كەسایەتیی سیاسی، ئابووری، زانستی، كەسە نێودارەكانی جیهان و زیاتر لە 1000 كۆمپانیا ئامادە دەبن. 
 
كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە رۆژانی 15 تا 19ـی ئەم مانگە لە داڤۆس بەڕێوە دەچێت. ساڵانە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا بەشدار دەبن. 
 
ساڵی 2017 سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداریی لە کۆڕبەندی داڤۆس کرد و لە پانێڵێک بەشداربوو؛ ساڵی 2018 نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆڕبەندی داڤۆس کرد و 2020 وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندەکە کرد. 
 
پار کۆڕبەندەکە بە بەشداریی نزیکەی 2500 سەرکردە و کەسایەتیی بوارە جیاوازەکان بەڕێوەچوو و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کودستان بەشداربوو.