فوئاد حوسێن بۆ رووداو: دەستپێشخەرییەکی عێراقی بۆ کۆبوونەوەی سووریا و تورکیا لە بەغدا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی بەرپرسانی تورکیا و سووریا لە بەغدا کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بکەن.
ئەمڕۆ شەممە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە ئەمریکا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "دەستپێشخەرییەکی عێراقی بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان هەیە، واتە هەردوو لایەنی سووری و تورکی لە بەغدا،" بەڵام روونی نەکردەوە کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی دەبێت یان وەزاری.
هەروەها گوتی، "رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر کۆبوونەوەکە کراوە، بەڵام کات و وادەی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە. گەڕامەوە بەغدا، کاتێکی بۆ دیاری دەکەین".
رۆژی پێنجشەممە، ئەردۆغان لە لووتکەی ناتۆ لە واشنتن گوتی، دوو هەفتە لەمەوبەر داوای لە ئەسەد کردووە بۆ کۆبوونەوەی نێوانیان، یان بڕوات بۆ تورکیا یانیش لە وڵاتێکی سێیەم یەکدی ببیبنن و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیشی راسپاردووە کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات.
فوئاد حوسێن بۆ بەشداریکردن لە لووتکە سێ رۆژییەکە لە واشنتن بوو.
وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت، "لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، پەیوەندییەکان بەردەوامن لەنێوان لایەنی عێراقی و لایەنی تورکی، هەروەها لەنێوان لایەنی عێراقی و لایەنی سوورییدا". گوتیشی، "کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریادا هەبووە، بە هەمان شێوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیاشدا".
دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکرد، تورکیا پشتیوانی لەو گرووپە چەکدارانە کرد کە هەوڵی رووخاندنی ئەسەدیان دەدا. ئەنقەرە هێشتاش هێزی لە ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و سووریادا هەیە کە دیمەشق بە تووندی دژی ئەوەیە و داوای کشانەوەی تەواوەتییان دەکات.
ئەمە یەکەم جار نییە هەوڵ دەدرێت پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتە دراوسێیەکە ئاسایی بکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکانی پێشوو شکستیان هێنا.