سوودانی سەردانی شنگال دەکات
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە شاری مووسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا سەردانی بەنداوی مووسڵی کرد. یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، بڕیارە سوودانی سەردانی قەزای شنگالیش بکات.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 12-5-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومەتەکەی گەیشتە شاری مووسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا. بڕیارە سوودانی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بکاتەوە و بەردی بناخەی ژمارەیەک پڕۆژەش دابنێت، لەوانە دانانی بەردی بناخەی هۆتێلی مووسڵ، نەخۆشخانەی گشتی ئیبن سینا. هەروەها نەخۆشخانەی تالاسیمیا، پەیمانگەی تیشک، پردی منەیرە، پردی سویس و پردی پێشانگەکان بکاتەوە.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی بۆ کردنەوەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی کە لە رابردوودا جێبەجێکراون و دانانی بەردی بناخەی ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە سەردانی مووسڵ و پارێزگای نەینەوای کردووە."
روونیشیکردەوە" جگە لە پڕۆژەکان ئەمڕۆ ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت، بەتایبەت لەگەڵ پاریزگار و یاریدەدەرەکان و بەرپرسی یەکەمی یەکەی ئیدارییەکانی پارێزگاکە."
نەینەوا یەکەم پارێزگای عێراقە لە 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 کەوتە دەستی چەکدارانی داعش و دواتر کرایە سەنتەر و پایتەختی ئەو خەلافەتەی داعش بۆ خۆی راگەیاندبوو، بەڵام دوای سێ ساڵ لە شەڕ و وێرانییەکی زۆر بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە، لە مانگی تەمموزی 2017 شارەکە لە دەستی داعش دەرهێندرا.
ئەوە یەکەم سەردانی سوودانی بۆ پارێزگای نەینەوایە لەدوای راسپاردنی وەکو سەرۆکوەزیران لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە رۆژی 27ـی ئۆکتۆبەری 2022.
سەبارەت بە سەردانی سوودانی بۆ قەزای شنگال، ئەو بەرپرسەی پارێزگای نەینەوا گوتی: "بڕیارە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و پرسی خزمەتگوزارییەکانی قەزاکە و پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان و لایەنی ئەمنی و چەند پرسێکی دیکە سەردانی شنگال بکات، بەڵام روون نییە سەردانەکە ئەمڕۆ دەبێت یان بەیانی."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممەی رابردوو 8ـی ئایاری 2023، لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی نوێنەرانی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و جەختی لەسەر سەقامگیری و گەڕانەوەی ئاوارەکان و پرسی ئەمنیی پارێزگاکە و خزمەتگوزارییەکان کردەوە.