گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق: والی داعشمان لە دیالە کوشت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە دوو هێرشی ئاسمانیدا حەوت چەکداری داعشیان لە چیای حەمرین لە پارێزگای دیالە کوشتووە، لەنێویاندا "والی پارێزگای دیالەی رێکخراوی داعش هەیە."
رۆژی یەکشەممە 12-2-2023، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە زنجیرە چیای حەمرین و لە رێگەی چڕکردنەوەی بەدواداچوونی مەیدانی و چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییە سەربازییەکان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شانەی بەئامانجگرتنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لە رێگەی دوو گورزی ئاسمانییەوە بە فڕۆکەی F-16 توانرا حەوت تیرۆریست بکوژرێن."
وەک لیوا یەحیا رەسووڵ دەڵێت، "لەنێو کوژراوەکاندا کەسێک بەناوی سامی موحان ناسراو بە 'کوڕی عەبدولڕەحمان' هەیە کە والی پارێزگای دیالەی رێکخراوی داعشە."
لە ماوەی ساڵی 2022دا داعش لە چەند پارێزگایەکی عێراق ژمارەیەک کردەی لە دژی هێزەکانی عێراق و خەڵکی سڤیل کرد، بە تایبەت لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، سەلاحەدین، یەکێک لەو پارێزگایانەی زۆرترین قوربانی ئەو هێرشانەی هەبوو پارێزگای دیالە بوو.