ئێران: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرکەوتوو بوو
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێش راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێشوازی لە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات.
سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا گوتی: "پێمانوایە عێراق کەوتووەتەسەر رێڕەوێکی راستی دیموکراسی".
خەتیبزادە لە قسەکانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی عێراق ئاماژەی بە بوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا و گوتی، چەندینجار بە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان گوتووە کە نابێ ئەو حیزبانە بنکەیان لەسەر خاکی عێراقدا هەبێت. دەشڵێت چیدیکە نابێ ئەو بنکانە هەبن و لە هەر شوێنێک پێویست بێت، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەجووڵێنەوە.
رۆژی 10-10-2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و ئەمڕۆ دووشەممە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە بەراییەکانی راگەیاند. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان سەدرییەکان زۆرترین کورسییان هێناوە، دوای ئەویش هاوپەیمانیی تەقەدووم (سوننە)، پارتیش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.