هاوڕێ تۆفیق: گفتوگۆی هەردوو سەرۆککۆماری عێراق و ئێران بە کوردی بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، سەرۆککۆمارەکانی ئێران و عێراق لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەیاندا بە "زمانی کوردی" قسەیان کرد.
 
هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەکاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "دوای پێشوازییە پرۆتۆکۆلییەکە، هەردوو سەرۆککۆمار دووقۆڵی نزیکەی نیو کاژێر کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە لە سەرۆککۆمارم پرسی بە چ زمانێک قسەتان کرد؟ گوتی: بە کوردییەکی شیرین، خۆیشم بە زمانی کوردی پێشوازیم لێکرد و پزیشکیان بە شێوەزاری موکریانی زۆر رەوان وەڵامی دامەوە."
 
دواتریش کۆبوونەوەیەکی دیکە بە بەشداریی شاندی هەردوو وڵات کرا، کە تێیدا باسی هاوئاهەنگیی هەردوولا لە بوارەکانی؛ ئابووری، تەندروستیی و ژینگە کرا.
 
هاوڕێ تۆفیق گوتیشی، سەرۆککۆماری ئێران جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق کردەوە و گوتوویەتی، "خەونی من لە گەنجییەوە ئەوە بووە سنوورەکان لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە نەمێنێت،" داواشی کرد بەرنامەیەکی ستراتیژی لەنێوان عێراق و ئێران دابڕێژرێت؛ کە تیمێکی لێهاتوو لە ئاستی باڵا لە هەردوولا سەرپەرشتی بکەن، بەرنامەکەش لە بوارەکانی، ئابووری، تەندروستی، ژینگە و ئاسایش بێت، "هەرێمی کوردستانیش بەشێک بێت لەو بەرنامەیە چونکە سنوورمان لەگەڵیان هەیە."
 
بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، "ئەمڕۆ ئێوارەخوانێک بۆ سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری ساز دەکرێت، کە سەرجەم سەرکردە سیاسی و بەرپرسانی عێراقیش تێیدا بەشدار دەبن، ئەوەش کۆکەرەوەیەکی باشە بۆ لایەنەکان و باسکردنی پەیوەندیی هەردوولا و پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە."
 
سەبارەت بە گرنگیی سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەی بەوەدا، "ئەم سەردانەی سەرۆککۆماری ئێران بایەخ و گرنگیی خۆی هەیە و زۆر بابەت و پرسی جیاواز تاوتوێ دەکرێن، پزیشکیان خۆی دەڵێت؛ دەمانەوێت لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراق پەیوەندیی دۆستانە و پتەومان هەبێت."
 
سەرۆککۆماری ئێران، وەکو زیارەتێکی ئایینی، سەردانی کەربەلا و نەجەف دەکات و دواتر دەچێتە بەسرە، دوای ئەوەش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
هاوڕێ تۆفیق دەشڵێت، "بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئێران پێشنیاری کرد؛ عێراق و ئێران دراوێکی ناوخۆیی هاوبەش دروستبکەن، بۆ بەکارهێنانی لە جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، وەک ئەوەی لەگەڵ رووسیا هەیانە، بەڵام فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری وەڵامی دانەوە و گوتی، ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆ و تاوتوێکردنی زیاترە، چونکە بارودۆخی عێراق تایبەتە و ئێرانیش سزایەکی زۆری ئەمریکای لەسەرە."