ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا: نێچیرڤان بارزانی، حەلبووسی و عامری سەردانی سەدر دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

عەدنان سەراج، سەرۆکی ناوەندی عێراقی بۆ گەشەپێدانی میدیایی و ئەندامی ناسراوی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بڕیارە دوای چلەی ئیمامی حوسێن، شاندێکی باڵا کە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح پێکهاتوون، سەردانی موقتەدا سەدر بکەن. 
 
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، گوتی: لیژنەیەک کە پێکھاتوون لە نوێنەری بەڕێز مەسعود بارزانی کە نێچیرڤان بارزانییە و بەڕێز ھادی عامری و محەممەد حەلبووسی، ھەروەھا رەنگە خەمیس خەنجەریش بەشداربێت، سەردانی حەنانە دەکەن بۆ بینینی سەید سەدر.
 
لەبارەی ئەو بابەتانەی کە باس دەکرێن، عەدنان سەراج ئاماژەی بەوە کرد: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دەکرێت. پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانیی سەروەری.. دەیانەوێ سەدر بەشداربێت لە ھەر ھەنگاوێک وەک سەرەتایەک بۆ سەرکەوتن و ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان. بۆیە بابەتەکە لە بازنەی چۆنێتی ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان دەخولێتەوە نەک هەڵوەشاندنەوەی. 
 
هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەدر لەکاتێکدایە کە هێشتاش شەقام لە شۆکی شەڕە خوێناوییەکەی مانگی رابردووی لایەنگرانی سەدر و مالکییە.
 
بابەتی کۆبوونەوە یان کۆنەبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەستراوەتەوە بە دوای زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن، ھەرچەندە چوارچێوەی ھاوئاھەنگی تەواوی ھەوڵەکانی خۆی خستووەتەگەڕ کە لە دوای 20ی ئەم مانگەوە دانیشتن ئەنجامبدرێت، بەڵام بەشێک لە دانیشتووانی بەغدا دەڵێن، نابێت داواکاریی زۆربەی شەقامیی عێراق پشتگوێ بخرێت کە داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەن. 
 
لایەنگرانی مالیکی و خەڵکی بێ لایەنیش هەرچەند لەگەڵ دانیشتنی پەرلەمانن، بەڵام چاویان لەوەیە مەرجەکانی سەدر لەبەرچاو بگیرێت. کەریم حەسەن، خانەنشینێکە و دەڵێت، "داوا لە پەرلەمان دەکەین کۆببنەوە چونکە ئەو دانیشتنە دەستووری و یاساییە. ئەوان نوێنەری گەلن، داوایان لێدەکەین یەکەمجار حکومەتێکی کاربەڕێکەر پێکبھێنن بۆ ماوەی یەک یان دوو ساڵ زیاتر نەبێت و دواتر یاسای ھەڵبژاردن پەسند بکەن." 
 
فەلاح بەرزنجی، فەرمانبەرێکە و دەڵێت: ئێمە یەکەمجار چاوەڕوانی بڕیاری دادگەمان دەکرد، بەڵام دادگە گوتی، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پەیوەندی بەمنەوە نییە و بابەتەکەی گەڕاندەوە بۆ پەرلەمان. پەرلەمان دەبێ دابنیشێت و دواتر سێیەکی پەرلەمانتاران دەتوانن دەنگ بە ھەڵوەشاندنەوەی بدەن. ئەم پڕۆسەیە زۆری دەوێ و زۆری پێدەچێت، ئێستا شەقامیی عێراقی تووشی چەقبەستوویی بووە بەھۆی پەکخستنی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی زۆر. 
 
هەرچەند چلەی مامەتینی ئیمام حوسێن ئاوێکی بەو ئاگرەدا کرد کە نزیکبوو هەموو عێراق بگرێتەوە، بەڵام لە ئەگەری رازینەکردنی سەدر، چوارچێوەی هاوئاهەنگی حوکمڕانییەکی پڕ لە ئاڵۆزی و لاوازی دەبێت.