ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ رووداو: 14ـی تەممووز پشوو نابێت


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، رۆژی 14ـی تەمموزی ئەم ساڵ لە دامودەزگاکانی عێراق پشووی فەرمی نابێت، بەمەش بۆ یەکەم جار لە عێراق رۆژی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە پاشایەتی بۆ کۆماری ناکرێتە پشوو.
 
حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یاسای پشووە فەرمییەکانی عێراق کە ئەم ساڵ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسندکرا، رۆژی 14ـی تەممووزی بە پشووی فەرمی دیاری نەکردووە، بۆیە ئەم ساڵ ئەو رۆژە ناکرێتە پشوو."
 
ساڵانی رابردوو ئەو رۆژە لە دامودەزگاکانی عێراق پشووی فەرمی بوو، بەڵام ئەم ساڵ دوای پەسندکردنی یاسایەکی نوێ ئەو رۆژە لە پشووەکان دەرکرا.
 
رۆژی 14ـی تەممووزی ساڵی 1958، دوای رووداوێکی خوێناوی کە هەندێک بە "کودەتا"ـی ناودەبەن، سیستمی حوکمڕانی لە عێراق لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری گۆڕا، لەو رووداوەدا شا فەیسەڵی دووەم شای عێراق و عەبدولئیلاهی جێنشینی و نووری سەعید، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە لەسێدارەدران.
 
رۆژی چوارشەممە 22-05-2024 پەرلەمانی عێراق یاسای پشووە فەرمییەکانی لە عێراق پەسند کرد. 
 
بەگوێرەی یاسای ژمارە 110ی ساڵی 1972ی پشووە فەرمییەکان لە عێراق 14 تەمموز لە عێراق کراوەتە پشووی فەرمی.