هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق 33٪ زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا 33.90٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە دوو ملیار و 731 ملیۆن و 317 هەزار دۆلار.
بەگوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، لە ماوەی نێوان یەکی کانوونی دووەم تاوەکو 31ـی ئاداری 2024، بە بەهای پێنج ملیار و 948 ملیۆن و 129 هەزار دۆلار کاڵا لە تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق، بوڵگاریا، یۆنان، جۆرجیا، ئێران، سوریا و ئەرمینیا هەناردە کراوە.
بەم پێیە هەناردەی تورکیا لە کانوونی دووەم و ئاداری 2024 بە بەراورد بە هەمان مانگەکانی پارساڵ 16.7٪ زیادیکردووە.
لە وادەیەدا نزیکەی نیوەی هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بووە.
بەگوێرەی داتاکان بێت، هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2024 بە بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی 2023، 33.90٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە دوو ملیار و 731 ملیۆن و 317 هەزار دۆلار.
لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2023 ـدا تورکیا بە بەهای دوو ملیار و 39 ملیۆن و 782 هەزار دۆلار کاڵای بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەناردە کردبوو.
تورکیا لەو وادەیەدا بە بەهای 124 هەزار دۆلار کاڵای هەناردەی ئەرمینیا کردووە کە کەمترین بڕە لە نێو ئەو کاڵایانەی بۆ وڵاتانی دراوسێی هەناردەی کردوون. تورکیا پارساڵ بە بەهای 111 هەزار دۆلاری کاڵای هەناردەی ئەرمینیا کردبوو.
تورکیا بە بەهای 828 ملیۆن و 360 هەزار دۆلار زۆرترین دانەوێڵە و پەلەوەری هەناردەی وڵاتانی دراوسێی کردووە. بە بەهای 802 ملیۆن و 670 هەزار دۆلار بەرهەمی کیمیایی و بە بەهای 497 ملیۆن و 473 هەزار دۆلار مۆبیلیات و کاغەز و داری هەناردە کردووە.