لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق: رێژەی کورد لەنێو سوپای عێراق کەمترە لە 2%


رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رێژەی پێکهاتەی کورد لەنێو سوپای عێراق ناگاتە 2٪ و ژمارەی ئەفسەرەکانیش کەمترن. دەشڵێت: "لەنێو دەزگا ئەمنییەکانیشدا رێژەکە 1٪ـە."
 
رۆژی چوارشەممە، 11-1-2023، سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پشکی کورد لەنێو سوپای عێراق زۆر کەمە و دەبێت کاربکرێت بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگیی پێکهاتەکان بە تایبەت کورد رێژەیان زیاد بکرێت، چونکە لەنێو ئەفسەرانی سوپای عێراق رێژەی کورد کەمتریشە لەو ژمارەیە."
 
سەبارەت بە رێژەی کورد لەنێو دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی عێراق، سەگڤان یوسف روونیکردەوە: "رێژەی کورد لەنێو دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی دیکەی دەرەوەی سوپای عێراق 1٪ـە."
 
جێگری سەرۆکی لیژنەکەی پەرلەمان روونیشیکردەوە: "لەکاتێکدا بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14٪ـە، دەبێت بە هەموو لایەکمانەوە کار بکەین بۆ ئەوەی رێژەی کورد بگاتە ئەو ئاستە."
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "لە رابردوودا رێژەی کورد لەنێو سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق بە پلان کەمکراوەتەوە و بەشێکی ئەو پۆستانەشی کورد لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان هەیەتی، لێی وەرگیراوەتەوە."
 
سەگڤان یوسف نایشارێتەوە، ماوەیەکە ژمارەیەکی باش لە کورد لە سەربازگە و شوێنەکانی مەشق و راهێنانی بنکەکاندا لە چەندین شوێنی عێراق و بەتایبەت لە بەغدا دەبینرێن.
 
سەبارەت بە پۆستەکانی کوردیش لە عێراق، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی: "لە عێراقدا کورد نزیکەی 380 پۆستی هەیە، لەنێویاندا پۆستە سەربازییەکان، لەو ژمارەیە نزیکەی 200 پۆست ماون و پڕنەکراونەتەوە لەوانەش پۆستەکانی بریکارەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان و دەبێت پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپاش بۆ کورد بگەڕێتەوە."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە چەند مەرجێک بەشداریی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانییان کردووە، یەکێک لە مەرجەکان بودجە و مووچە و پڕچەککردنی هێزەکانی پیشمەرگەیە کە لەدوای ساڵی 2003ـەوە بە بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق هەژمار دەکرێن، بەڵام حکومەتی عێراق بایەخی ئەوتۆی پێنادات.