لە عێراق خۆراک و شوێنی حەسانەوە بەخۆڕایی بۆ زیارەتکاران دابین دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەشێوەیەکی بەردەوام ئاپۆڕای زیارەتکاران بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن دەچنە کەربەلا. ئامارە فەرمییەکان دەڵێن، رۆژانە سەدان هەزار زیارەتکار لە وڵاتانی جیهانەوە دەگەنە عێراق و سەرجەم رێوشوێنە تەندروستی و ئەمنییەکان بۆ پاراستنی زیارەتکاران گیراونەتەبەر.
شەریف رەزا، زیارەتکارێکی ئێرانییە و دەڵێت، "خۆشەویستیی حوسێن خۆشەویستییەکی جیهانییە و تایبەت بە کەسێک نییە. خۆشەویستیی حوسێن ئەم ئاپۆڕا جەماوەرییەی کۆکردووەتەوە. هاتووین بۆ پرسە و ماتەمینی و ئێمەش خزمەتکارین. سوپاسی بێ پایانمان بۆ عێراقییەکان هەیە، بەو پەڕی رێزەوە خزمەت دەکەن سوپاسیان دەکەین."
کاروانی خزمەتگوزاریی بەدرێژایی رێگەی ئارامگەکانی ئیمام حوسێن و ئیمام عەباس بەدی دەکرێن. خۆراک و خواردنەوە و هەموو هۆکارێکی حەسانەوە پێشکێشکی زیارەتکاران دەکەن. وەک خۆیان دەڵێن، خۆشەویستیی ئیمام حوسێن و رێبازەکەی هانیان دەدات ئەم رەفتارە جوانانە بکەن.
ئەبوعەلی قورەیشی، خاوەنی کاروانی خزمەتگوزارییە و دەڵێت، "نزیکەی 17 ساڵە، خزمەتگوزاریی پێشکێشی زیارەتکارانی ئیمام حوسێن دەکەین. مەبەستمان بەدەستهێنانی شەفاعەتی حوسێنە هیچی دیکەمان ناوێت، تەنیا لە رۆژی دواییدا شەفاعەتی حوسێنمان دەوێت".
دوای هاتنی ژمارەیەکی زۆری زیارەتکاران لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئێران-عێراقەوە، ئێران بڕیاری دا سەرجەم دەروازە سنوورییەکانیان بەڕووی زیارەتکارانی ئێرانی دابخات و رایگەیاند، لایەنی عێراقی ئەو ئامادەکاری و توانایەی نییە پێشوازیی لەو هەموو زیارەتکارانە بکات و بەو گەرمایە لە دەروازە سنوورییەکانەوە بگوازێتەوە کەربەلا.
لەلایەکی دیکەشەوە، حکومەتی خۆجێیی کەربەلا هۆشداریی بە بازرگانان و دووکاندار و کاسبکارانی پارێزگاکە دا کە لە میانی چلەی ماتەمینیدا نرخی کەلوپەل و کاڵاکان گران نەکەن. راشیگەیاند لە رێگەی لیژنەی بەدواداچوون، چاودێریی دۆخی بازاڕەکان دەکەن، هەر کەسێک سەرپێچی بکات رێوشوێنی یاسایی تووندی بەرامبەر دەگرنەبەر و سزایان دەدەن.