حکومەتی عێراق شاندێکی ئەمنی رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هێرشەکانی تورکیا لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، دەبێت تورکیا رەچاوی دراوسێیەتی باش بکات، بڕیاریشیدا شاندێک بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بەمەبەستی "یەکخستنی هەڵوێست."
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە ژمارەیەک لە وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت، دوای کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیاشی گەنگەشە کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا دیارترین بابەت و پێشهاتە ئەمنییەکانی خشتەی کار باسکراون لەسەروویانەوە "دەستوەردان و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان."
هەروەها هاتووە "جەخت کرایەوە لەسەر رەتکردنەوەی هاتنەناوەوەی سەربازیی تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق. پێویستە لەسەر تورکیا رەچاوی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات و، لە هەر بابەتێکی ئەمنی، هاوئاهەنگیی لەگەڵدا بکات."
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا شاندێک بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. ئەویش لەپێناو "ئاگاداربوون لە دۆخی گشتی و دەرکردنی یەک هەڵوێستی یەکگرتوو لەبارەی ئەو بابەتەی پەیوەندیی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە."
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، داوای لە سەرجەم لایەن و هێزە نیشتمانییەکان کرد پشتیوانی لە هەڵوێستی حکومەت لەوبارەیەوە بکەن.
ئەنجوومەنەکە دیسانەوە جەختی لەسەر هەڵوێستی عێراق کردەوە کە پشت بە دەستوور دەبەستێت، ئەویش بریتییە لە "رێگەگرتن لە دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەی، یان بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەوەی ببێتە دەرچەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ."
هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، بەرگری، داد، دارایی، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەرپرسانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنی و سەربازییەکان بەشداریان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە لە سنووری قەزای ئامێدی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە روویداوە.