لەمەودوا نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بەسرەوە هەناردە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی چوار مانگ لە راگرتنی، هەناردە و بەکارهێنانی بەشێک لە نەوتی کوردستان دەستیپێکردەوە، رۆژانە زیاتر لە 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی پاڵاوگەکانی حکومەتی عێراق دەکرێن.
بەکارهێنانی نەوتی کوردستان بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی نەوتی عێراقە و لە چوارچێوەی یاسای بودجەدایە. بەمەش یاسای بودجە لەڕووی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان 100% چووە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ کێشەیەکی نەماوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا بڕێکی نەوتی هەرێمی کوردستان وەردەگرین و بەکاریدەهێنین بۆ بەشێک لە پاڵاوکەگانی نێوخۆ."
رووداو زانیویەتی وەزارەتی نەوتی عێراق ژمارەیەک گرێبەستی نوێی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان لەبارەی فرۆشتنی نەوتی کوردستان واژۆ کردووە و بەم نزیکانە شاندێکی عێراقی دەچنە تورکیا تا هەناردەی نەوت لەو رێگەیەوە دەست پێبکاتەوە.
باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان بە رووداوی گوت، "لە دوای رووداوی بومەلەرزەکە، لایەنی تورکیا گوتیان بۆڕییەکان زیانیان بەرکەوتووە، کۆبوونەوەمان لەگەڵیان ئەنجامدا، لەگەڵ لایەنی تورکی داوامان کرد شاندێکی تەکنیکی سەردانی شوێنە زەرەمەندەکان بکەن، بەڵێنیاندا بە زووترین کات چاککردنەوەی بۆڕییەکان تەواو بکەن و دووبارە هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆڕیی عێراق - تورکیا دەستپێبکەنەوە."
نەهرۆ رەواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تاوەکو رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت بەپێی ئەو پلانەی هەیە لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوخۆی عێراق نەوتەکە بەکاردەهێنن تاوەکو هەناردە دەستپێدەکاتەوە، دووبارە شاندی عێراقی دەچن بۆ تورکیا، دوایین جاریش کە ئەوان هاتن حکومەتی عێراق هەموو ئامادەکارییەکانی لەو بارەیەوە بە حکومەتی تورکیا نیشاندا.
دوای ئەوەی بڕیاری بەکارهێنانی نەوتی کوردستان لە نێوخۆی عێراق چووە بواری جێبەجێکردنەوە، فرۆشتن و هەناردەی نەوتی کەرکووکیش دەستیپێکردەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەڕێگەی بەسرەوە.