بانکی رافیدەین لە فڕۆکەخانەی بەغدا 7000 دۆلار بە نرخی نوێ دەداتە گەشتیاران
رووداو دیجیتاڵ
بانکی رافیدەین، کە بانکێکی حکومیی عێراقە رایگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەیدایە گەشتیاران لە 5000 دۆلارەوە بۆ 7000 دۆلار زیاد دەکات، هەر دۆلاریکیش بە 1320 دینار بە گەشتیاران دەفرۆشێت. ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانیش دەڵێت، "هێشتا بڕیاری پێدانی دۆلار بە گەشتیاران و بازرگانان لە فڕۆکەخانەکانی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی جێبەجێ نەکراوە."
رۆژی هەینی 10-02-2023 بانکی رافیدەین، کە یەکێکە لە بانکە حکومییەکان لە عێراق رایگەیاند، "دەست بە پێدانی بڕی 7000 دۆلار لە بری 5000 دۆلار بە هەر گەشتیارێک کراوە کە دەیەوێت لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە گەشت بکات."
بانکی رافیدەین راشیگەیاندووە، هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار بە گەشتیاران دەفرۆشێت.
سیروان محەممەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەبارەی سوودمەندبوونی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەولێرەوە گەشت دەکەن، بە رووداوی گوت، "پێشتر داوامان لە محەممەد شیاع سوودانی کردبوو لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە بۆ گەشتیاران دابینبکرێت، بەڵام هێشتا بڕیاری ئەوە دەرنەچووە، یان باشتر بڵێین جێبەجێ ناکرێت، ئەوەش وایکردووە خەڵک بۆ گەشتکردن زیاتر پەنا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ببەن."
پێدانی 7000 دۆلار بە گەشتیاران لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بڕیاری لەبارەوە دراوە و یەکێکە لە هەوڵەکان بۆ رێکخستنی بڕی دۆلاری خراوەڕوو لەلایەن بانکەکەوە و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ رێگە گرتن لە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، هەروەها ئاسانکاریکردنە بۆ بازرگانان و نەخۆشەکان و ئەو کەسانەی دەیانەوێت گەشت بکەن.