باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح و قاسم ئەعرەجی کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح و قاسم ئەعرەجی کۆبووەوە و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتننامەی شنگال و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان کردووە.
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، فاتح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا رایگەیاند "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێز بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، بۆم روونکردەوە وڵاتەکەمان سوورە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، خواستی پێکەوە کارکردنیشمان لەم بوارە بە بەڕێزیان گەیاند و جەختم لەوە کردەوە، پێویستە پێکەوە، بەڵای تیرۆر لەناوببەین کە کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر دۆخی هەردوو وڵاتمان".
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فاتح یەڵدز، بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە لەسەر هەموو لایەک سەروەریی خاکی عێراق بپارێزرێت، هەروەها کۆبوونەوەکان بەردەوامبن بۆ گەنگەشەکردنی بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا.
فاتح یەڵدز باسی لە کۆبوونەوەی دووەمیشی کرد کە لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەنجامیداوە و وەکو لە تویتەکەیدا نووسیویەتی "لە دیدارەکەمدا لەگەڵ بەڕێز قاسم ئەعرەجی، پێداگریم لەوە کرد، تورکیا ئامادەی هەموو جۆرە دەستپێشخەرییەکە بۆ ریشەکێشکردنی پەکەکە لە شنگال و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی خەڵکی رەسەن بۆ شارەکەیان".
رۆژی یەکشەممە 6ی کانوونی یەکەمی 2020، موقەدەم نادیدە شەبنەم ئاکتۆپ، گوتەبێژی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "پشتیوانی لە رێککەوتننامەی واژۆکراوی رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2020، لەنێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و دەسەڵاتی هەرێمی باکووری عێراق لەبارەی گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەی شنگالی عێراقی دەکەین. لەنزیکەوە بە وردی چاودێریی دوایین پێشهاتەکان و لێکەوتەکانی دەکەین".
بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەشی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە رۆژی شەممە 10-10-2020 بڵاوکراوەتەوە و واژۆی حەمید رەشید فەلیح، نوێنەری حکومەتی عێراق و رێبەر ئەحمەد، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە تێیدا هاتووە: لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارۆچکەی شنگال و، بەگوێرەی بنەما دەستووری و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی کۆژانەکانی خەڵکی شنگال وەکو دەستپێشخەرییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێکخستنی چوارچێوەی کارگێڕی و ئەمنی لە شارۆچکەکە، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتن لەسەر تەوەری کارگێڕی، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی شنگال.