لە موسڵ هێزێکی هاوبەشی ئەمریکا و دژەتیرۆری عێراق کرانە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
لە موسڵ هێزێکی هاوبەشی ئەمریکا و دژەتیرۆری عێراق بە بۆمب کرانە ئامانج. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە هێرشەکەدا کەس نەکوژراوە، تەنیا زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەیشتووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، لە نزیک شاری موسڵ بۆمبێک بە کاروانی هێزەکانی ئەمریکا و دژە تیرۆری عێراقیدا تەقییەوە و زیانی مادی لێ کەوتەوە، ئەمە بە گوێرەی دوو سەرچاوەی ئەمنی کە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کردووە.
دوو سەرچاوەکە باسیان لەوە کردووە کە بۆمبەکە زیانی بە ئۆتۆمبێل و زرێپۆشەکانی کاروانە هاوبەشەکە گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە.
ئەوە سێیەم هێرش بوو لە یەک رۆژدا بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، دوای ئەوەی کە بنکە ئاسمانییەکانی هەریر لە پارێزگای هەولێر و عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنبار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کرانە ئامانج، کە هەردووکی هێزی ئەمریکی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان تێدا جیگیرکراون.
مقاوەمەی ئیسلامی کە گرووپێکی نەناسراوی چەکدارییە لە عێراق، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشی سەر هەردوو بنکەکە راگەیاند و لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیەوە ژمارەیەک ڤیدیۆی بڵاوکردنەوە کە بە گوتەی خۆی، دیمەنی هێرشەکان پێشاندەدات.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە هەریر بیسترا و ئاگر لەنێو فڕۆکەخانەی سەربازیی ناحیەکە کەوتەوە؛ رووداو لە رێگەی سەرچاوە خۆجێییەکانەوە زانیویەتی کە ئاگری نێو فڕۆکەخانەی هەریر زیاتر تەشەنەی سەندووە و کۆگەی سوتەمەنیی فڕۆکەخانەکە ئاگری گرتووە. تیمەکانی بەرگریی شارستانیش لە ئامادەییدان، بەڵام تائێستا فەرمانی چوونیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە پێنەگەیشتووە.
بەپێی چەند دیمەنێک کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، ئاگر لە بنکە ئاسمانییەکە کەوتووەتەوە و رووناکییەکەی بە روونی دەبیندرێت.
دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە کە هێرشی درۆنی بووەتە هۆی سووتانی کۆگایێکی سووتەمەنی لە بنکەی ئاسمانیی هەریر.
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە 20ی تشرینی یەکەمەوە، هیزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە ئەمریکا سەرکردایەتییان دەکات، بنکەکەیان جێهێشتووە.
هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سەرەتای شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە، لانیکەم 40 جار لە عێراق و سووریا کەوتوونەتە بەر هێرش.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، لانیکەم 45 سەرباز بە سووکی بریندار بوون و بەڵێندەرێکیش مانگی رابردوو لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە کاتی راکردنی بۆ پەناگەکان، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە.
ئەمریکا هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، بەڵام تاران رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو گرووپانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و لە دەرەوەی فەرمانی ئێراندا جموجووڵ دەکەن.
گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، تا ئەمریکا بەردەوامبێت لە یارمەتیدانی ئیسرائیل، بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
ئەم هێرشانەی رۆژی پێنجشەممە، دوای ئەوە دێن کە کۆشکی سپی لە هەمان رۆژ رایگەیاندبوو، سوپای ئەمریکا ژمارەیەک پێگە و کۆگای چەکی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگریانی لە سووریا کردووەتە ئامانج. ئەمریکا رۆژی 26ی تشرینی یەکەم، هێرشێکی هاوشێوەی لە سووریا ئەنجامدا.