نەرمین مەعرووف: ناردنی مووچە بە قەرز پێچەوانەی دەستووری عێراقە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەو بڕە پارەیەی عێراق بریاریداوە بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووریی نییە. دەشڵێت: "ناردنی مووچە و بودجە بە قەرز پێچەوانەی دەستووری عێراقە."
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "پێشبینیمان دەکرد پشکی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە بودجەی عێراقدا هاتووە بنێردرێت، بەڵام بە داخەوە بەو شێوەیە نەبوو، حکومەتی عێراق خۆی ئەوەی پشتراستکردووەتەوە کە نەوتی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە کە بڕەکەی لە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە دەستیپێکرد و ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 85 هەزار بەرمیل نەوت و چاوەڕوان دەکرێت بڕەکە بەرزبکرێتەوە بۆ نزیکەی 130 هەزار بەرمیل کە دەدرێتە پاڵاوتگەکان و لە نێوخۆدا بەکاردەهێنرێت.
دەشڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت ناکۆکن، لەوبارەیەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، ئەو بڕە پارەیەی وەک کرێی خەرجی و تێچووی کۆمپانیاکان دیاریکراوە کەمترە لە بڕە راستەقینە و تاوەکو ئێستا ئەوەش نەنێردراوە، کۆمپانیاکانی نەوتیش رازی نین بەو بڕە پارەیەی دیاریکراوە."
نەرمین مەعرووف، باسی لەوەشکرد: "خەرجیی بەرهەمهێنان و تێچووی گواستنەوەی دەبێت کۆمپانیای سۆمۆ چارەسەری بکات، بەڵام بەدەمەوەهاتنی حکومەتی عێراق بۆ ئەو پرسە لاوازە، ئەوەش رەنگە پەیوەست بێت بە بەرزی نرخی نەوتەوە، چونکە ئێستا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزە و ئەوەش وایکردووە قەرەبووی ئەو بڕە پارەیە بکاتەوە بۆ عێراق کە لە نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی دەکەوێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتیشی: "هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بەرامبەر عێراق جێبەجێکردوون و ناردنی مووچە و بودجە بە قەرز پێچەوانەی دەستووری عێراقە، حکومەتی عێراق پابەندی دەستوور نەبووە و لە یاسای بودجەشدا هیچ بڕگەیەک نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیوەست بکات بە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکو پشکی هەرێمی کوردستانی پەیوەست کردووە بە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە".
لەبارەی ئەوەی بۆچی سکاڵا لە دادگەی فیدراڵی ناکەن، نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوەکرد: "چاوەڕوانی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەوەی کە ئەو بڕە پارەیە بە قەرز وەردەگرێت یان رەتیدەکاتەوە، چونکە ئەو بڕە پارەیەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نییە".
جەختیشیکردەوە: "هیچ بڕیارێک لە عێراق بەدەر نییە لە گرفتە سیاسییەکان، ئێستاش گرفتی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا بەدەر نییە لە ناکۆکییەکە سیاسییەکان".