سوودانی بۆ دەزگە ئەمنییەکان: سەرکردە باڵاکانی بەعس هاک بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە دەزگە ئەمنییەکان دەکات، سەرکردەکانی حیزبی بەعس دەستگیر بکەن و هەژمارە ئەلیکترۆنییەکانیشیان هاک بکەن. ئەندامێکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: حیزبی بەعس لە چەندین شوێن و وێستگە هەوڵی قۆستنەوەی رووداوەکان دەدات.
بەپێی نووسراێک کە رۆژی 19-2-2023، لەلایەن عەبدولکەریم عەبدولحەسەن وجر، سکرتێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی "هەڵسەنگاندنی ساڵانەی هەواڵگریی"یەوە واژۆکراوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبونەوەی حیزبی بەعس لە عێراق ژمارەیەک داواکاریی لە دەزگە ئەمنییەکانی "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ و دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی کردووە.
لە نووسراوەکەدا سوودانی داوایکردووە:
- هەوڵە هەواڵگرییەکان بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکانی حیزبی بەعسی قەدەخەکراو چڕ بکرێنەوە.
- کاراکردنی یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعس بەرامبەر بەو کەس و لایەنانەی کە بانگەشە بۆ بیر و باوەڕەکانی بەعس دەکەن.
- چالاککردنەوەی هاوئاهەنگی لەنێوان دەزگە هەواڵگرییەکان لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی بەعس.
- بەدواداچوون و شکاندنی هەژمارە ئەلیکترۆنییەکانی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ئەوانەی سەر بەو حیزبە قەدەخەکراوەن و گەیشتن بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانیان لەنێوخۆ و دەرەوەی عێراق.
- زیادکردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوانەی کە بەشداریی خۆپێشاندانەکان دەکەن بۆ رێگەگرتن لە زیادکردنی توانای بەعسییەکان و ئەو لایەنانەی بەکاریدەهێنن.
- ئامادەکردنی ستراتیژییەتێکی میدیایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی حیزبی بەعس و جێبەجیکردنی لەماوەی هاوئاهەنگی لەنێوان تۆڕی میدیایی عێراقی و شانەی دەروونیی ستراتیژی.
عارف حەمامی، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حیزبی بەعس دەیەوێت بۆشاییەکان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاریی داعش هێزەکانی رێکبخاتەوە و پێکەوە دەستکەوتەکانی عێراق لەنێو ببەن، بۆیە چەندین کار و کردەوەی گێرەشێوێنی و تیرۆریستی دەکەن، دەبێت حکومەت و خەڵکی عێراقیش رووبەڕووی ئەو بیروباوەڕە ببنەوە و لەناوی ببەن."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "چەندین بەڵگە لەبەردەستی دەزگە ئەمنییەکان هەن کە دەیسەلمێنێت حیزبی بەعس دەیەوێت هەموو کارێک بکات بۆ ئەوەی دژایەتی هێزە ئەمنییەکان بکات و گورز بووەشێنێت."
حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی، قیادەی قوتری عێراق، لە ساڵی 1952 دامەزراوە، بەشداری شۆڕشی ساڵی 1958ی كردووە، ئەفسەرانی حیزبی بەعس لە 8ی شوباتی 1963 كودەتایەكیان بەسەر عەبدولكەریم قاسمدا كرد. ئەو حیزبە 35 ساڵ حكومی عێراقی كرد، لە ساڵی 2003 لەسەر دەستی ئەمریكییەكان لەناوچوو، زۆربەی سەركردە باڵاكانیشی لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركران و لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراقەوە دادگایی كران و هەندێکیان لە سێدارەدران، لەوانەش سەدام حوسێن.
پەرلەمانی عێراق له دانیشتنی رۆژی شەممە 30 - 7- 2016، پڕۆژەیاسای قەدەخەكردنی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و سەرجەم حیزب و چالاكییە تووندڕەوەكان و تیرۆریستییەكانی پەسندكرد.
حەیدەر عەبادی، کە ئەوکات سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو رایگەیاند: "قەدەخەكردنی حیزبی بەعس سەركەوتنێكە بۆ گەل و بنەماڵەی شەهیدانی عێراق، چونكە ئەو حیزبە لەكاتی دەسەڵاتدارێتیدا قێزەونترین تاوانی کردووە".