پەرلەمانی عێراق لە دوو دانیشتنی داهاتوو دا لەبارەی چی کۆدەبێتەوە؟

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دوو دانیشتنی داهاتووی خۆی بڵاوکردەوە، کە 12 و 13ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچن. وابڕیارە لەو دوو دانیشتنەدا دەنگدان و خوێندنەوە بۆ 16 پڕۆژە و پێشنیازەیاسا بکرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، 12 و 13ـی ئەم مانگەی بڵاوکردەوە کە دیارترینیان، دەنگدانە لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی سێ ساڵە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەست رژێمی بەعس.
 
سەگڤان سندی، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڕگەی دووەمی دانیشتنی رۆژی یەکشەممە، دەنگدان دەبێت لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت، لە گفتوگۆى لیژنەکەمان لەسەر ئەو هەموارە ئەو بڕگەیە زیاد کرا؛ کە پاسپۆرتى دیپلۆماسی بدرێتە ئەندامانى پەرلەمانى کوردستانیش، لەکاتێکدا ئەو بڕگەیە پێشتر لە پڕۆژەیاساکەدا نەبوو."
 
بەگوێرەی جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق، ئەو پۆستانەى کە پاسپۆرتى دیپلۆماسی وەردەگرن، بریتین لە سەرۆککۆمار و جێگرانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و جێگرانى، ئەندامانى پەرلەمانى عێراق و سەرۆک و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان، ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکى دیوانى پەرلەمان، راوێژکارانى سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت و پەرلەمان، فەرمانبەرانى کەرتى دیپلۆماسیی عێراق.
 
لەبارەی بڕگەی شەشەمی دانیشتنەکەی رۆژی یەکشەممە، کە تایبەتە بە هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەست رژێمی بەعس، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "دەمانەوێت لە رێگەی هەمواری سێیەمی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەست رژێمی بەعس، کار بکەین بۆئەوەی هەموو هاونیشتمانییانی زیانلێکەوتووی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، جۆری قەرەبووەکەش بەگوێرەی قەبارەی زیان بە زێڕی عەیار 18 دەبێت."
 
بڕگەکانی دانیشتنەکەی رۆژی یەکشەممە ئەمانەن:
 
بڕگەی یەکەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بنەماکانی هاوتابوونی بڕوانامەی عێراقی و بیانییەکان، ژمارە 20ـی ساڵی 2020.
بڕگەی دووەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت، ژمارە 32ـی ساڵی 2015.
بڕگەی سێیەم: گفتوگۆ و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی، ژمارە 25ـی ساڵی 2016.
بڕگەی چوارەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنەوەی کرێی خزمەتگوزارییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
بڕگەی پێنجەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یاسای خانەنشینی گشتیی ژمارە 9ـی ساڵی 2014 دەکرێت.
بڕگەی شەشەم: خوێندنەوەی دووەم، بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانلێکەوتووانەی کە بەهۆی رەفتارەکانی رژێمی بەعس بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە.
 
بڕگەکانی دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممە ئەمانەن:
 
بڕگەی یەکەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی.
بڕگەی دووەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای تۆڕی میدیایی عێراقی، ژمارە 26ـی ساڵی 2015.
بڕگەی سێیەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری چوارەمی وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو، ژمارە 28ـی ساڵی 1998.
بڕگەی چوارەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای پڕۆگرامسازانی عێراقی.
بڕگەی پێنجەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی.
بڕگەی شەشەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی یاسای مافەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ژمارە 38ـی ساڵی 2013.
بڕگەی حەوتەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان.
بڕگەی هەشتەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای پاراستنی مافی کەمینەکان.
بڕگەی نۆیەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی سێ ساڵە (2023-2024-2025)، ژمارە 13ـی ساڵی 2023.
بڕگەی دەیەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای رێکخستنەوەی هەردوو سەندیکای کرێکاران و فەرمانبەرانی پیشەیی لە عێراق.