نەخۆشخانەیەکی دیوانیە: بۆ چاودێریکردنی ئەو منداڵانەی تووشی تەنگەنەفەسی بوون پێویستیمان بە پزیشک و ئۆکسجینە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی دیوانیە، چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا و دەیان منداڵی دیکە تووشی هەناسەتەنگی بوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی دیکە و بەهۆیەوە سەرجەم نەخۆشخانەکان خراونەتە باری ئامادەییەوە.
بەشێک لە منداڵەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی حوسێن لە دیوانیە کە ژمارەیان 38 منداڵە لە چاودێری چڕ دانراون؛ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵە و ئامادەیی وەرگرتنی منداڵی دیکەشیان هەیە.
ئاگرەکەی نەخۆشخانەی منداڵبوونی دیوانیە بەهۆی ئەو خۆڵ و خاشاکەوە بووە کە لە تەنیشت نەخۆشخانەکە بووە، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و خۆی سەرپەرشتی لیژنەکان دەکات و پارێزگاری دیوانیەی دەستکراوە کردووە دوای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە لایەنی کەمتەرخەم سزا بدات.
یەکێک لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی حوسێن بە رووداوی راگەیاند: "تا دێت ژمارەی منداڵەکان لە نەخۆشخانەکەمان روو لە هەڵکشان دەکات و ژمارەیەکی زۆری منداڵیش لێرە خەوێندراون و قەرەوێڵەمان کەمە، بەڵام هەوڵدەدەین دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین".
ئەو پزیشکە دەڵێت، "35 منداڵ لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونەوە هێنران بۆ نەخۆشخانەکەی ئێمە، دۆخی لەناکاو و مەترسیدار زۆربوون و کێشەی کەمی ئۆکسجینمان هەبوو، ئێستاش هەندێک پێداویستیمان هەن و هەندێکیشی بەردەست نین، بۆ نموونە شوێنی تایبەت بە منداڵانی نەبەکاممان نییە و پێویستی زۆرمان بە دەمامک، ئۆکسجین و پزیشک هەیە".
شەوی دووشەممە، نوئاس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ بە هۆکارێک کە هێشتا روون نەبووەتەوە ئاگر لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی دیوانیە لە پارێزگای دیوانیە کەوتەوە، بەهۆیەوە شوێنی فڕێدان و کۆکردنەوەی پاشماوەی نەخۆشخانەکە بەخێرایی گڕی گرت و دوایی گەیشتە نێو نەخۆشخانەکە، دوای ماوەیەک تیمەکانمان توانییان ئاگرەکە کۆنترڕۆڵ بکەن."
هاوکات، مانگی سووری عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، جگە لە گیانلەدەستدانی چوار منداڵ "150 منداڵ و 190 کەسی دیکەش کە هاوەڵی نەخۆشەکان بوون لە ئاگرەکەی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی دیوانیەوە رزگارکراون."