چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر داوای سوودانی بەپەلە کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزە سیاسییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکدێنن، هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق رەتدەکەنەوە و "پشتیوانیی تەواوی" خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق نیشاندەدەن.
رۆژی هەینی، لەسەر داوای محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوپەیمانییە شيعییەکە "کۆبوونەوەیەکی بەپەلە"ی کرد.
راگەیێندراوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "جەختی لە رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستیانە کردەوە کە ئاساییش و سەروەریی وڵات دەکەنە ئامانج، بە هەر جۆرێک بن؛ ئامانجەکانیان هەر کێ بن و هەر مەبەستێکیان لەپشتەوە بێت."
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەت و داواکارییەکانی پیشاندا بۆ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی رووداوی گومانلێکراوی" هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی هەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، کاژێر 4:15ـی هەمان رۆژ بە دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر نێردەکە و بێ ئەوەی باسی هیچ زیانێک بکات.
گوتەبێژی باڵیۆزخانەکە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، "پابەندبوونی بەردەوامی خۆیان بە پاراستنی ئاساییشی نێردە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە و روونیانکردەوە کە عێراق هەموو پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەم بارەیەوە جێبەجێ دەکات."
هاوکات هاوپەیمانیی نەسر، کە بەشێکە لە هاوپەیمانییە شيعەکە بەڵام لە حکومەتدا بەشدار نییە، لە راگەیێندراوێکی جیادا گوتی، "پشتیوانیی هەڵوێستی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ رەتکردنەوە، سەرکۆنەکردن و بەتاوانناساندنی دەستدرێژیی سەر نێردە دیپلۆماسییەکان."
ئەو هاوپەیمانییە کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق سەرکردایەتی دەکات، دەڵێت، "ئاساییش، سەقامگیری و بەرژەوەندییە باڵاکان کاڵای بازاڕی ئەجێنداکان نین، هەڕەشەکردن و مەترسی خستنەسەر ئاساییش، سەقامگیری و سەروەریی وڵات قبووڵ ناکرێت."
شەوی پێنجشەممە، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، عێراق، رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە زیاتر لە 60 سەربازی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.
رۆژی 3ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری ئەو گرووپەی کوشت کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن.
لەو کاتەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، شەپۆلێک لە گرژی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەنێویدا هێرشی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا. هەروەها هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کە پێیان وایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
لە بەرامبەر ئەوەدا، بە گوێرەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی سێ جار لە سووریا و جارێک لە عێراق هێرشی کردووەتە سەر ئەو پێگەیانەی کە پێیانوایە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تارانن.
لەوانەش لە 3ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کوشت.