کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا پشتیوانی لە هێرشەکانی "مقاوەمەی ئیسلامی" دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هێرشانە دەربڕی کە گرووپی بەناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەیانکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سووریا.
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گرووپی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، یەکێک لەو گرووپە چەکدارە شیعانەی عێراق کە دژایەتی خۆی بۆ ئیسرائیل و بوونی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نیشاندەدات و بە یەکێک لە گرووپەکانی نزیک لە ئێران هەژماردەکرێت، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، "کردەوەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هەڵقوڵاوی هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتی و هاوئاهەنگی راستەقینەیە لەگەڵ مقاوەمەی فەلەستینی و ئەوەی کەسوکاری ئارامگرمان لە غەززە بەدەستییەوە دەناڵێنێت."
دەشڵێت،"پەیوەندیی ئەو کردەوانە لەگەڵ بەردەوامبوونی تاوانە وەحشیگەرانەکانی قەوارەی داگیرکار هاوکێشەی بەرپەرچدانەوەیە کە بازووی بەرگریکارانی جێگیرکردووە و گەرووی داگیرکار و زایۆنیەکانی گرتووە."
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا یەکێکە لەو گرووپانەی لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی جیابووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی گرووپێکی چەکدارە، بەڵام بەشێکە لە هاوپەیمانیی"نبنی" بە سەرۆکایەتی هادی عامری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
'مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' کە گرووپێکی چەکداری سەرکردە و پێگە نادیارە، بەرپرسیارێتی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لە رۆژئاوا و باشووری کوردستانی لە دوای شەڕی غەززە گرتووەتە ئەستۆ.
رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون.