سوودانی: رووبەڕووی هەڵمەتی چەواشەکاری و تۆمەتی چاوپۆشیکردن لە گەندەڵی بووینەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی لە دوو ساڵی سەرەتای تەمەنیدا رووبەڕووی "هەڵمەتی چەواشەکاری" و "تۆمەتی چاوپۆشیکردن لە گەندەڵی" بووەتەوە؛ داوا لە "هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان" دەکات، لە تەواوکردنی کارنامەی کابینەکەیدا، یارمەتیدەر بن.
 
محەممەد شياع سوودانی، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، بەبۆنەی تێپەڕینی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەکەیدا گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیی پێشێكێش کرد و تێیدا باسی لە دەستکەوت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتەکەی کرد.
 
سوودانی گوتی، "رەنگە هێشتا ئەو هەلومەرجەی ئەم حکومەتە تێیدا دروستبوو لە یادەوەریی رابردووی نزیکماندا مابێتەوە، لەوانەش ئەو دووڕیانە سیاسییانەی هاتنە پێش، هەروەها نەبوونی روانگەیەکی تەواو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لەپاڵ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و لەرزۆکبوونی متمانە بە هەنگاوە حکومییەکان."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، "لەو بارودۆخەدا، حکومەتەکەمان دەستیکرد بە خوێندنەوەیەکی ورد و راستبینانە بۆ گرنگترین داواکاری و پێداویستی کە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و حکومەت بەهێزدەکەن و دەستەواژەی حکومەتی خزمەتگوزارمان داڕشت."
 
سودانی کە لە 27ی تشرینی دووەمی 2022 دەستبەکار بووە، ئەوەی خستەڕوو، لەو کاتەوە کابینەکەی ئەم دەستکەوتانەی بەدەستهێناوە:
 
• زیادکردنی 961 هەزار خێزان بۆ تۆڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتی
• دابەشکردنی 7.5 ملیۆن سەبەتەی خۆراک لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا
• پێدانی دەرماڵە بە زیاتر لە دوو ملیۆن خوێندکار
• پێدانی مووچە بە 372 هەزار کەس لەوانەی چاودێری کەسانی نیڤشکان لە خێزانەکانیاندا دەکەن
• دروستکردنی 500 قوتابخانەی نوێ
• نۆژەنکردنەوەی هەزاران باڵەخانەی دیکە
• دامەزراندنی نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە کەرتی گشتی
• گەیاندنی بەرهەمی نێوخۆی کارەبا بە 27 هەزار مێگاوات 
• بەرەوپێشبردنی تۆڕی دابەشکردنی کارەبا و دروستکردنی وێستگەی نوێی بەرهەمهێنان
• گرتنەوەی 67٪ی گازی هاوەڵ و دووبارە بەکارهێنانەوەی
• گەیشتن بە خۆبژێوی لە دابینکردنی گازوایل و گەیشتن بە قۆناخی هەناردەکردنی 
• گەیاندنی بەرهەمی بەنزین بە 28 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا 
• کەمکردنەوەی هاوردەی بەنزین بۆ کەمترین ئاست و وەستاندنی لە سەرەتای 2025 
• بەروەپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ 
• گەیشتن بە خۆبژێوی لە بواری گەنم 
• دەستپێکردنەوەی 471 پڕۆژەی وەزارەتەکان و 354ی پارێزگەکان
• تەواوکردنی 400 پڕۆژە 
• دەرکردنی 40 ملیۆن کارتی نیشتمانی
 
"هەڵمەتی چەوشەکاری"
 
سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتەکەی "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداریی خستە لووتکەی ئامانجەکانی، چونکە باوەڕی بەو ئامانجە هەبوو چونکە ئەوە  داواکارییەکی جەماوەرییە."
 
گوتیشی، "لە رێگەی جێبەجێکردنی یاساوە، نەک خزاندنی ئەم داواکارییە[ی چاکسازی] بۆ نێو گۆڕەپانەکانی راگەیاندن و ململانێی بێهوودە، پێشتر و ئێستاش رووبەڕووی هەڵمەتی چەوشەکاری و دەنگۆی ناڕاست و هەوڵدان بۆ تێکەڵکردنی راستییەکان لەگەڵ درۆ، و تۆمەتبارکردنی حکومەت بەوەی چاوپۆشی لە هەندێک لایەنی گەندەڵی کردووە، بووینەتەوە."
 
سوودانی پێیوایە، "گەورەترین دەستپێشخەریی فەرمی و یاسایی" بۆ گەڕاندنەوەی سامانی دزراوی عێراق و "گەمارۆدانی گەندەڵکاران" لە لایەن حکومەتەکەیەوە کراون.
 
سەرۆکوزیرانی عێراق جەختیشیکردەوە کە "حکومەت لە پێش هەموو دەسەڵاتە دەستوورییەکانەوەیە لە رووبەڕووبوونەوە و لێپرسینەوە لە خراپبەکارهێنانی هەر پلە و پۆستێک کە لە رێگەیەوە هەوڵی خراپەکاری یان پێشێلکردنی یاسا بدرێت، لە هەر ئاستێکدا بێت،" هۆشداریشی دا کە "کەس لە دەستی یاسا دوور نابێت."