تەقینەوە لە کۆگەیەکی تەقەمەنی لە نەجەف روودەدات؛ کوژراو و بریندار هەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای نەجەف لە نێوەڕاستی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی لە پارێزگاکە روویدا و بووە هۆی کوژرانی 2 کەس و برینداربوونی 5 کەسی دیکە. سەرایا سەلام لەو بارەوە رایگەیاند، تەقینەوەکە بەهۆی غازی ئۆکسجینەوە بووە 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 8/8/2022، سەرچاوەیەک کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئەنمار غازی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدای راگەیاند: "کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی سەرایای سەلام، کە باڵی سەربازیی رەوتی سەدری شیعەیە، لە ناوچەی حەولی لە نەجەف تەقییەوە".
 
سەرچاوەکەی بەرگریی شارستانیی نەجەف گوتیشی: "تەقینەوەکە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی 5 کەسی دیکە کە یەکێکیان کارمەندی بەرگریی شارستانییە و ناوی قوسەی حەلیم مورشدییە و دانیشتووی ناوچەی مشخابە لە پارێزگای نەجەف".