لە سامەڕا وەقفی شیعە ناوی مزگەوتێکی سوننەکان دەگۆڕێت
رووداو دیجیتاڵ
وەقفی سوننە لە عێراق دەڵێت، عەتەبەی عەسکەری کە سەر بە وەقفی شیعەیە، دەستی بەسەر مزگەوتی گەورەی سامەڕا و قوتابخانە ئایینییەکەیان گرتووە و ئەو کارەشی بە "دەستدرێژی" ناوبردووە. هاوپەیمانیی سەروەری و ژمارەیەک لایەنی دیکەش کارەکە بە "هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی" و "نانەوەی ئاژاوە" دەزانن.
رۆژی چوارشەممە، 8-3-2023، ژمارەیەک لایەنی سیاسی و ئایینیی سوننەکانی راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، عەتەبەی عەسکەری کە سەر بە شیعەکانە، مزگەوتی گەورەی سامەڕا و قوتابخانە ئایینییەکەیان "داگیر کردووە."
وەقفی سوننە: ئەوەی کراوە دەستدرێژییە
وەقفی سوننە لە عێراق کە دامەزراوەیەکی ئایینیی سوننەکانی عێراقە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دیوانی وەقفی سوننە ئەو هەنگاوە هەراسانکارانەیەی ئەمڕۆ روویدا بە کردنەوەی مزگەوتی گەورەی سامەڕا و گۆڕینی ناوەکەی بۆ "ساحیبولئەمر"، بە "تووندترین رەتکردنەوە ئەوە رەتدەکەینەوە کە لە ساڵانی رابردوودا بەسەر وەقفەکانماندا دێت و بە دەستدرێژییەکی روونی بێ چاودێری و بێ لێپرسینەوەی دەزانین."
هەروەها دەڵێت: "ئەو رێکارە لە هەڵە ئایینی و میلـلی و کۆمەڵگەییەکانە کە پێویستە درک بە مەترسییەکانی بکرێت، ئەوە هەنگاوێکە بەرەو زیادکردنی گرژییەکان و هەراسانکردنی پێکهاتەی سوننە لە سامەڕا بەشێوەیەکی تایبەت و عێراق بەگشتی."
کۆڕبەندی فیقهی عێراقیی گەورەزانایانی بانگەواز و فەتوای عێراق راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "لەدوایین پێشێلکارییدا ژمارەیەک لایەن هەڵساون بە دەستبەسەرداگرتنی مزگەوتی گەورەی سامەڕا کە شوێنێکی ئایینیی دیارە و قوڵایی مێژووی بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە. دەستبەسەرداگرتنی ئەو مزگەوتە کە سەر بە سوننەکانە شێوەیەکە لەو تاوانانەی هەستی ئایینیی توێژێکی فراوانی گەلی عێراق برینداردەکات کە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای نێودەوڵەتی بەتاوانی دەزانێت."
جگە لە هۆشداریدان بە خراپیی ئەو کارەی کراوە، داوا لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و مەرجەعە ئایینییەکان و لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی عێراق دەکات و هەردوو هاوپەیمانیی عەزم و سوننەکان و سەرجەم هێزە سیاسییە نیشمانییەکان دەکات بەرپرسیاریێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ.
مزگەوتی گەورەی سامەڕا دەکەوێتە باکووری شارەکەوە، تەمەنی نزیکەی هەزار ساڵ دەبێت، بە یەکێک لە دیارترین شوێنەوارەکانی شارەکە دادەنرێت و لەلایەن خەلیفەی عەباسی موعتەسیم بیللا لەساڵی 222ـی کۆچی دروستکراوە،
هاوپەیمانیی سەروەری: گۆڕینی دیمۆگرافیا رەتدەکەینەوە
هاوپەیمانیی سەرەوەری لەبارەی ئەو هەنگاوەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، سەرکۆنەی هەڵوێستەکەی دامەزراوەکەی سەر بە عەتەبەی عەسکەری دەکات و دەڵێت، "ئەو کارەی کارگێڕیی عەتەبەی عەسکەری لە سامەڕا کردوویەتی رێکارێکی بێ پێشینەیە و بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە و گۆڕینی ناوی گۆمەزی مزگەوتی گەورە و مێژوویی سامەڕا بۆ 'ساحیبولئەمر' و کۆنترۆڵکردنی، هیچ ژیرییەکی تێدانییە، چونکە سەدان ساڵە سەر بە دیوانی وەقفی سوننەیە و خەڵکی سوننەیە تاوەکو ئەمڕۆ."
هاوپەیمانییەکە پێیوایە ئەو رێوشوێنە بۆ گۆڕینی دیموگرافییە و دەڵێت: "ئەو رێوشوێنەی کارگێڕییەی عەتەبە کردوویەتی گوزارشتە لە گۆڕینی دیموگرافی و تێکدانی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا هەن و هەوڵێکی سەرنەگرتووە بۆ لێدان لەو پەیوەندییە و سەرناگرێ."
هاوپەیمانیی سەرەوەری داوا لە سەرۆکوزەریرانی عێراق دەکات هەوڵی خێرا و دەستوەردانی بەپەلە بکات بۆ دامرکاندنەوەی ئاژاوە و مزگەوتەکە و قوتابخانەکە بگەڕێننەوە بۆ دۆخی پێشووی.
لە راگەیێندراوەکانی بەشێک لە لایەنە سوننەکان ئاماژە بۆ شەڕی تایفی 2006 بۆ 2008ـی عێراق دەکەن کە ساڵانێکی خوێناوی بوو بۆ ئەم وڵاتە و لە شەڕی نێوان سوننە و شیعە هەزاران کەس بوونە قوربانی و بەغدا و شارەکانی دیکە بوون بە "گۆمی خوێن"، هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکەش لە شاری سامەڕاوە بوو دوای ئەوەی لە رۆژی 22ـی شوباتی 2006، مەزارەکانی هەردوو ئیمامە عەسکەرییەکە تەقێنرانەوە.
تەقاندنەوەی مەزارەکانی ئیمامی عەلی هادی و حەسەن عەسکەری کە دوو ئیمامی شیعەکانن، ئاگری ئەو بەنزینە بوو لە عێراق کە بووە هۆی کوشتنی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە چوار ملیۆن کەس.
خالید ئەلعوبەیدی، سەرۆکی دەستەی سیاسیی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان لەبارەی رێکارەکەی عەتەبەی عەسکەریی لە سامەڕا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "گۆڕینی ناو و ناسنامەی مزگەوتی گەورەی سامەڕا نیگەرانیی لەلای بەشێکی گرنگی عێراقییەکان دروستکردووە، چونکە خزمەت بە ئاسایشی کۆمەڵگەیی کە هەموومان کار بۆ بەدیهێنانی دەکەن، ناکات."
خالید ئەلعوبەیدی دەشڵێت: "هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ناوی شوێنەکان و هێما ئایینییەکان بەتایبەت مێژووییەکانی، دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستکردنی رق و شڵەژان لەنێو رۆڵەکانی گەلەکەمان."
سامەڕا، شارێکی مێژوویی و دیاری عێراقە لەسەر کەناری رووباری دیجلە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دەکەوێتە باکووری پایتەختی بەغدا و 125 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.
سامەڕا پایتەختی دەوڵەتی عەباسی بووە، لەلایەن خەلیفە موعتەسیم بیللا لە ساڵی 885ـی زاینی بنیادنراوە، شارەکە خاوەنی چەندین شوێنەوارە، دیارترینیان مەلویەی سامەڕا، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیاتر لە 250 هەزار کەس دەبێت و لە ساڵی 2007 لە لایەن رێکخراوی یونسکۆوە خراوەتە نێو لیستی کەلەپووری جیهانی.
پارتی پڕۆژەی نیشتمانیی عێراقی، راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە دەرکردووە و دەڵێت: "هاوهەڵوێستین لەگەڵ سەرجەم ئەو دەنگە ناڕازی و سەرکۆنەکارەی دژی ئەو جۆرە رێوشوێنە هەراسانکارانەیە وەستاونەتەوە، کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و بەردەوام هۆشدارییمان لەبارەیەوە داوە.. ئێمە پێمانوایە هەوڵسوکەوتەکانی عەتەبەی عەباسی و هەوڵە نایاساییەکانی بە دەستبەرداگرتنی مزگەوتی گەورەی سامەڕا و قوتابخانە ئایینییەکەی و گۆڕی ناو و ناسنامە دیارەکەی بەدرێژایی مێژوو سەرکۆنە دەکەین."
هەروەها تاریق هاشمی، جێگری پیشووتری سەرۆککۆماری عێراق لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "عەتەبەی عەسکەریی سەر بە وەقفی شیعە دەستی بەسەر مزگەوتی گەورەی سامەڕا و قوتابخانە ئایینییەکەیدا گرتووە، کە سەر بە وەقفی سونەن، ناوەکەشی بۆ مزگەوتی وەلی ئەمر دەگۆڕێت لەچوارچێوەی هەنگاوێکی هەراسانکار کە مەبەستەکەی زیندووکردنەوەی ئاژاوە و لێدان لە پێکەوەژیان و سەقامگیریە."