فەرماندەیەکی حەشدی بەرگری: ئەمریکا ستافی باڵیۆزخانەکەی گواستووەتەوە ئوردن


رووداو دیجیتاڵ 

سەرەتای ڤیدیۆکە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ئەبو باقر ساعدی دەبینن، ئەو فەرماندەیەی حیزبوڵڵا کە لەنێو جەرگەی بەغدا بە مووشەکی ئەمریکی کرایە ئامانج و کوژرا.
 
بەرپرس، چەکدار و لایەنگرانی حەشدی شەعبی توڕەن، پڕ بە گەروویان هاواریان دەکرد و درووشمی دژی ئەمریکایان دەگوتەوە، لە پاڵ ئەوەدا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان دەکرد. 
 
حەسەن سالم، پەرلەمانتاری عەسائب ئەهللحەق بە رووداوی گوت، ئەوەی روودەدات پشتگوێخستنی سەروەریی عێراق و حکومەتی عێراقە، هەروەها پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
 
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، "دەبێت وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەت و بەپەلە بکات لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی بۆ سزادان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو کارە دووژمنکارییەی ئەمریکا."
 
بەپێی زانیارییەکانی بەشێک لە سەرکردەکانی حەشد بێت، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا چۆڵکراوە و تەنیا پاسەوانی لێ ماون، لەسەر ئەمە باڵیۆزخانەی ئەمریکا هیچ قسەیەکی نەکردووە. 
 
لەدوای کوژرانی ئەو فەرماندەیەی حیزبوڵڵا، بەشێک لە گرووپەکان داوای چوونە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکەن بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی. 
 
عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی بەرگری لە وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژە بەوە دەکات: سەرجەم فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا گواستراونەتەوە بۆ ئوردن کە نزیکترین شوێنی ئەمریکییەکانە و باڵیۆزخانەکە هیچ کەسێکی لێ نەماوە جگە لە پاسەوانەکان نەبێت.
 
بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، بەرەبەیانی دوای هێرشەکە، بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی رۆیشتن تاوەکو بچنە نێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی رێگەیان نەدا بە هیچ شێوەیەک بچنە نێو ناوچەی سەوز و رێگەیان داخست. 
 
باڵی سیاسیی حەشدی شەعبی و پەرلەمانتارانیان واژۆیان کۆکردووەتەوە و بڕیارە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق تایبەت بکرێت بە هێرشەکانی ئەمریکا و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خاکی عێراق ئەویش لە رێگەی دەرکردنی یاسا و پابەندکردنی حکومەت.