پێنتاگۆن: لە هێرشەکەی هەینی رابردوو 40 چەکداری گرووپەکانی سەر بە ئێران کوژران
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن دەڵێت، "لە هێرشەکەی هەینی رابردوو، 40 چەکداری گرووپەکانی سەر بە ئێران کوژراون".
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن رۆژی پێنجشەممە، 8-2-2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەو قسانەی کرد کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئامادەی بوو.
پات رایدەر هەروەها گوتی، "ئەگەر [لە عێراق و سووریا] هێرشکرایە سەرمان، کاری پێویست بۆ دیاریکردنی هێرشەکانی داهاتوو و پاراستنی هێزەکانمان دەکەین؛ هەروەها، ئەوانەش بە بەرپرسیار دەزانین کە خۆیان لەو هێرشانە بەدوور دەگرن".
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن بەشێک لەو هەنگاوانەی ئاشکراکرد کە دەیگرنەبەر و ئاماژەی بەوە کرد، "بەشێک لەو کارانەشمان کەمکردنەوەی توانایان دەبێت کە بۆ هێرشەکانیان بەکاریدەهێنن. ئەمە ئەو کارە بوو کە هەینی بینیتان بۆ کەمکردنەوەی تواناکان کە هەیانە. پەیامێکی روون دەنێرین کە ئەگەر هێزەکانمان هێرشیان بکرێتەسەر یان بترسێندرێن، ئەوا کاردانەوەمان دەبێت".
دەقی پرسیارەکانی دیار کوردە و وەڵامەکانی پات رایدەر
رووداو: زۆر سوپاس، کاتێک دێتە سەر پرسی چارەسەرکردنی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا، ئایە هیچ گۆڕانێک لە سیاسەتی ئێوە هەبووە، بەجۆرێک سیاسەتی ئێوە لە چاوترساندنەوە گۆڕابێت بۆ بێتواناکردنی گرووپە چەکدارەکان، چونکە کاژێرێک بەر لە ئێستا جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی گوتی، سەرنجەکە بەردەوامدەبێت لەسەر هەردوو پرسەکە، هەم سیاسەتی رێگریکردن لە هێرشی دیکە، هەمیش کەمتواناکردنی گرووپەکان، هیچ گۆڕانێک پەیوەست بەو پرسەوە هەبووە؟
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: پێموایە تۆ هەنگاوێک دەگەڕێیتەوە دواوە و سەرنج دەخەیتەسەر ئەو ئەرکانەی کە ئێمە لەوێ دەیان کەین. ئەگەر هێرشکرایە سەرمان، کاری پێویست بۆ دیاریکردنی هێرشەکانی داهاتوو و پاراستنی هێزەکانمان دەکەین؛ هەروەها، ئەوانەش بە بەرپرسیار دەزانین کە خۆیان لەو هێرشانە بەدوور دەگرن. بەشێک لەو کارانەشمان کەمکردنەوەی توانایان دەبێت کە بۆ هێرشەکانیان بەکاریدەهێنن. ئەمە ئەو کارە بوو کە هەینی بینیتان بۆ کەمکردنەوەی تواناکان کە هەیانە. پەیامێکی روون دەنێرین کە ئەگەر هێزەکانمان هێرشیان بکرێتەسەر یان بترسێندرێن، ئەوا کاردانەوەمان دەبێت.
رووداو: بەتەواوەتی لەوەدەگەم کە ئێوە لە عێراقن لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق، ئێمە چەند جارێکیش لە چەند کاتێکی جیادا باسی ئەو پرسەمان کردووە، بەڵام کاتێک دەێتە سەر ئەم بابەتە، ئەوەی حکومەتی عێراق دەیڵێت تەواو جیاوازە لەوەی لێرە دەیبیستین، کاتێک باس لە سەروەری خاکی عێراق دەکەین، ئێوە دەڵێن رێز لە سەروەری خاکی عێراق و حکومەتی عێراق دەگرین، حکومەتی عێراقیش دەڵێت، ئەمریکا پێشێلکاری بەرامبەر بە سەروەری خاکەکەمان دەکات، تەنانەت ئەمڕۆ گوتەبێژێکی فەرمی حکومەتی عێراق رایگەیاند کە ئەم هێرشانە وا لە عێراق دەکەن زیاتر لە هەر کاتێک کاربکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان، ئێوە هیچ بایەخێک بۆ ئەم لێدوانانە دادەنێن، ئەو لێدوانانەی حکومەتی عێراق، دەزانم ناتوانی بەناوی حکومەتی عێراقەوە قسە بکەن، بەڵام ئێوە ئەو راگەیێندراوانەی حکومەتی عێراق بە جیدی وەردەگرن؟
پات رایدەر: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بە جددی وەردەگرین؛ وەکو هاوبەشێکی گرنگیان دادەنێین و رێز لە سەربەخۆیشیان دەگرین. بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، کاتێک هێزەکانمان هێرشیانکرایە سەر یان ترسێندران، ئەمە وامان لێدەکات هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانمان بنێین.
رووداو: هیچ رێککەوتنێک هەیە لە نێوان ئێوە و حکومەتی عێراق، بە حکومەتی عێراقتان گوتووە، حەز بکەن یان حەز نەکەن، ئەگەر هێرشکرایە سەر هێزەکانمان لەلایەن هەر گرووپێکەوە لە عێراق ئێمە وەڵامی دەدەینەوە بەبێ ئەوەی پێشوەختە حکومەتەکەتان ئاگادار بکەینەوە؟
پات رایدەر: وەکو ئەوەی ئاماژەم پێی کرد، لە گفتوگۆداین لەگەڵ هاوبەشە عێراقیەکانمان بەشێوەی ئاشکرا و نهێنی کە وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە بکرێتە سەر هێزەکانمان؛ بەدڵنیاییەوە، بەشێکی ئەو گفتوگۆیانە کارکردنە بۆ پارێزگاریکردن لە هێزەکانمان کە لەسەر بانگهێشتی ئەوان لەوێن. دووبارەی دەکەمەوە لە هەندێک دۆخدا، هێزەکانی ئاسایشی عێراقمان بینیوە کە ئەوەیان کردووە. وەکو ئەوەی گفتوگۆمان کرد، کاتێک هێزەکانمان زیاد لە 160 جار هێرشیان کرایەسەر و 3 کارمەندمان کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، هەنگاوی پێویستمان نا.