ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: شاندی هاوبەشمان لەگەڵ پارتی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزبوونی سەنگی کورد


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ئاماژە بەوە دەکات، تا 9ی کانوونی دووەم و بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ئەو پۆستە یەکلایی نابێتەوە، بەڵام پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردستانییەکان دەتوانن لەسەر ئەوە بگەنە رێککەوتن.
 
پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "بوونی شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی و چوونیان بۆ بەغدا بۆ دانوستاندن هەنگاوێکی گرنگە و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەو سەنگی کورد لە عێراق و رەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر دانوستاندنەکان، هەر لایەنێکیش دان بە مافەکانی ئێمەدا بنێت، پێویستە گفتوگۆی جددیان لەگەڵ بکەین، شاندە هاوبەشەکە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆدەبێتەوە، بۆ دانوستاندن لەسەر کێشەکان، چونکە کۆمەڵێک کێشە لەگەڵ بەغدا هەن، لەوانەش پرسی هاوبەشیی راستەقینە و دەستوور، ئەگەر لەسەر ئەمە یەکهەڵوێست بین دەتوانین دەستکەوتی زیاتر بەدەست بهێنین".
 
لەبارەی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کۆبوونەوەی 9ی مانگ، پۆڵا تاڵەبانی گوتی، "پۆستی سەرۆککۆمار بۆ 9ی مانگ و یەکەم دانیشتنی پەرلەمان یەکلایی نابێتەوە، چونکە دەبێت بەیەک بەربژێر بچینە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەو پرسە ئەمڕۆ و بەیانی یەکلایی نابێتەوە، پێموایە دانیشتنەکەی سبەی پەرلەمان بەکراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام گەشبینم کە لایەنە کوردستانییەکان دەتوانین یەکلایی بکەینەوە".
 
هەروەها لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتی، "ئەو پۆستە مافی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و دەبێت لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان یەکلایی بکرێتەوە، تائێستا ئێمە هیچ بەربژێرێکمان نییە، بەڵام بێگومان بەربژێری خۆمان دەبێت".
 
پۆڵا تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشکی سوننەیە و ئەوان لەنێوان خۆیان کەسێک دیاری دەکەن، هەر کەسێک بێت دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان نەبێت، کورد کێشەی لەگەڵی نابێت.