سێنتکۆم: مانگی رابردوو لە 40 ئۆپەراسیۆندا 4 ئەندامی داعشمان کوشتووە

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێت، مانگی رابردوو لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە 40 ئۆپەراسیۆندا 4 ئەندامی داعشیان کوشتووە و 33ی دیکەیان دەستگیرکردووە. 
 
راگەیێندراوەکەی رۆژی پێنجشەممە سێنتکۆم دەڵێت: "ئەو ئۆپەراسیۆنانە پابەندبوونی بەردەوامی سێنتکۆم بە لەنێوبردنی بەردەوامی داعش" پێشاندەدەن. 
 
سێنتکۆم هەروەها دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکانیان پێشانیدەدەن کە هێشتا "هەوڵی سەربازی پێویستن بۆ ئەوەی رێگری لە ئەندامانی داعش بکرێت تاوەکو نەتوانن هێرشی زیاتر ئەنجامبدەن."
 
یەکێک لەو شانە داعشانەی کە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا لەنێوبردراوە، بەرپرس بووە لە هێرشکردنە سەر زیندانەکانی سووریا بۆ ئازادکردنی بەندکراوانی گرووپە پەڕگیرەکە، یەکێکی دیکەشیان بەرپرس بووە لە ئامادەکردنی پشتێنی بۆمبڕێژکراو بۆ خۆکوژەکان، ئەمە وەک راگەیێندراوەکە ئاماژەی پێ دەکات. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە، لە کۆی ئەو 40 ئۆپەراسیۆنانەی لە تشرینی دووەمدا کراون، 24یان بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کراون کە تێیاندا 3 ئەندامی داعش کوژراون و 14ی دیکەیان دەستگیرکراون. 
 
لە سووریاش، 14 ئۆپەراسیۆنی دیکە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کراون کە تێیاندا ئەندامێکی داعش کوژراوە و 19ی دیکەش دەستگیرکراون. 
 
مایکڵ کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت: "تەنانەت لە نێوەڕاستی ئاڵنگارییە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە، سێنتکۆم پابەندە بە ناوچەکە و لەنێوبردنی بەردەوامی داعش."