کاسبکارێک لە بەغدا: خەڵک لە ترسدا دۆلار دەکڕن
رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی شۆرجەی بەغدا، ئەو بازاڕەی بووە بە ناوەندی دابەشکردنی کاڵا و شتومەک و خۆراکە جیاوازەکان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، دەست بۆ هەرچییەک دەبەیت گرانبووە، هۆکارەکەیشی دابەزینی زیاتری بەهای دینارە.
ئەم رۆژانە، بەهۆی ناجێگیریی دۆخی دیناری عێراقییەوە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، خەڵکی و بەتایبەتی ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ مامەڵەی بازاڕەکاندا هەیە، دەستیان لە بژمێرەکانیان بەرنابێت.
عەبدوڵڵا ئەحمەد 25 ساڵە لە بازاڕی شۆرجەی بەغدا دووکانی هەیە، سەروکاری لەگەڵ ئەو خۆراکانەیە کە خەڵک ناچارن رۆژانە بیانکڕن، ئەو هەر خەریکی بژمێرەکەیەتی و پێیوایە حکومەت هۆکاری دروستبوونی ئەم دۆخەیە.
عەبدوڵڵا دەڵێت، "هەست بەوە ناکەین حکومەت هەبێت و لێپرسینەوە لە بازرگانان بکات، دۆلار بە 132 هەزار دەفرۆشرێت، بۆچی بە 167 لە دەرەوە دەیفرۆشن، ئەمە مانای چییە دەمانەوێت بزانین؟ ئایا بۆ دەرەوە دەبردرێت و کاری بازرگانە، یان بەرپرسانی حکومەتن یاری بە دۆلار دەکەن، ئەمە یاریکردنە بە روحی خەڵک نەک بەس بە دۆلار."
ناجێگیریی دۆخی ئەمنی و ئەو دڵەڕاوکێیەی دروستبووە، تەنانەت خەڵکی ئاسایی فێرکردووە دۆلار بکڕن و هەڵیبگرن، ترسێک کە وا بڵاوبووەتەوە دیناری عێراقی هاوشێوەی لیرەی سووری، لوبنانی، تورکی و تمەنی ئێرانی لێ بێت.
ئومێد حوسێن لە بازاڕەکەدا فرۆشیارە و دەڵێت، "هەر بڵێن دۆلار بەرزبووەتەوە ئیدی بازاڕ بەرز دەبێتەوە و ناچارین ئێمەش گرانی بکەین، هیچ چارەیەک نییە، گوایە چارەسەری لای حکومەتە، حکومەتیش هەر بۆ خۆی دەیدزێت و دەگەڕێتەوە دواوە."
عەلی کازم پیاوێکی دیکەی کاسبە لە بازاڕەکەدا و باس لەوە دەکات، خەڵک هەیە دەچێت دۆلار دەکڕێت، دەترسێت بەردەوام بەرزببێتەوە، ئەمەش کاریگەری بەشێوەیەکی گشتی لە تەواوی بازاڕ کردووە.
خەڵک دۆخەکەی خستووەتە ئەستۆی بازرگاکان، ئەوانیش دەڵێن، بانکی ناوەندیی عێراق بەرپرسیارە، رێوشوێنەکانیان بەپەلەن و بەوە راناگەن خۆیان لەگەڵی بگونجێنن.
عەلا نووری، ئەندامی ژووری بازرگانیی بەغدا بە رووداوی گوت، رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی و ئەو لیژنانەی تایبەتمەندن بەو بابەتە هەروەها رێنوێنییەکانی وەرگرتن و گواستنەوە، هەموویان پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، لەگەڵ خێراکردنی وەرگرتنی حەواڵە بۆ لایەنی سوودمەند.
لەناو خەڵکی بەغدا وا باس و خواسی لێوە دەکرێت، بازرگانانی دراو لەنێو حیزبە دەسەڵاتدارەکانن و ئەوان ئەم دۆخەیان دروستکردووە، وای دەبینن کۆنترۆڵ نەکردنی ئەو بازرگانانە درێژە بەم دۆخەی بازاڕ دەدات.