بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەکانی ترەمپ، ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقی خۆیان هەڵدەوەشێننەوە

رووداو دیجیتاڵ
10 فەرماندەی باڵا و بەرپرسی عێراقی راگەیاندووە، ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراق بۆ ئەوەی خۆیان لە هەڕەشەکانی ئیدارەی ئەمریکا بپارێزن، ئامادەن خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
شەش فەرماندەی نێو چوار گرووپی چەکداری عێراقی لە پارێزگایەکی باشووری عێراق چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە و دەڵێن، لەو کاتەوەی کە ترەمپ لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ئیدارەی ئەمریکا چەندینجار بە نهێنی هۆشداری لەبارەی گرووپە چەکدارەکان بە حکومەتی عێراق داوە.
فەرماندەکان داوایان کردووە کە ناویان نەهێندرێت و سەر بە هەریەکە لە گرووپەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەید شوهەدا و ئەنسارولئەوفیان.
بەگوتەی ئەو شەش فەرماندەیە، ئیدارەی ئەمریکا بە حکومەتی عێراقی راگەیاندووە، ئەگەر گرووپە چەکدارەکان لە چەک دانەماڵێت، هێرشی ئاسمانییان دەکاتە سەر.
عیزەت شابەندەر کە کەسایەتییەکی سیاسیی عێراقییە بە رۆیتەرزی گوتووە، 'پێشکەوتنی زۆر' لە گفتوگۆکانی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان هەبووە و گرووپەکان مەیلی ئەوەیان هەیە بەدەم داواکەی ئەمریکاوە بچن بۆ چەکدانان.
ئەو سیاستەڤانە عێراقییە دەڵێت: "گرووپەکان بە رژدی مامەڵە ناکەن و مکوڕ نین لەسەر ئەوەی کە دەبێت بەم شێوازەی ئێستای خۆیان بمێننەوە."
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، گرووپە چەکدارە عێراقییەکان "بەتەواوەتی ئاگەدارن" کە دەکرێت لەلایەن ئەمریکا بکرێنە ئامانج.
فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا کە بە دەمامکی رەش و چاویلکەوە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە دەڵێت: "ترەمپ ئامادەیە جەنگەکەمان لەگەڵ بباتە ئاستێکی خراپتر، ئێمە ئەوە دەزانین و نامانەوێت خۆمان لە سیناریۆیەکی خراپی ئەوان خۆمان دوور بگرین."
فەرماندەکانی گرووپە چەکدارەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە سوپای پاسدارانی ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەوەی ئازادن هەر بڕیارێک دەدەن بۆ ئەوەی خۆیان لە ململانێیەکی رووخێنەر لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوور بگرن.
دوو بەرپرسی ئەمنیی عێراق دەڵێن، نزیکەی 10 گرووپی چەکداریی لە عێراق هەن لە سەر بە بەرەی "مقاوەمەی ئیسلامی"ـن و نزیکەی 50 هەزار شەڕکەریان هەن، کۆگەی چەکەکانیان مووشەکی دوورمەودا و چەکی دژە فڕۆکەیان تێدایە.
ئەو دوو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەیان بەوەش داوە، سوودانی گوشار دەکات کە هەموو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران چەک دابنێن.
فەرهان عەلائەدین، راوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری دەرەوە بە رۆیتەرزی گوتووە، سەرۆکوەزیران لە رێگەی "گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەگەڵ ئەکتەرە نیشتمانییە جۆراوجۆرەکان' پابەندە بە دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو چەکێک لە عێراق لەژێر کۆنتڕۆکی دەوڵەتدا بێت.
فەرماندەکانی گرووپە چەکدارەکان و بەرپرسە ئەمنییەکان باسیان لەوە کردووە، بەشێک لە گرووپەکان بارەگاکانیان چۆڵکردووە و بوونی خۆیان لە شارەکانی وەکو موسڵ و ئەنبار کەم کردووەتەوە و ترسیان هەیە هێرشی ئاسمانییان بکرێتە سەر.
هەروەها بەشێکی زۆری فەرماندەکان بازنەی ئەمنیی خۆیان بەهێزتر کردووە، ژمارە مۆبایل، ئۆتۆمبێل و شوێنی مانەوەیان گۆڕیوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە بە رۆیتەرزی گوتووە، لە ماوەی رابردوو میلیشیاکان بەهۆی گوشاری ئەمریکاوە هێرشەکانیان راگرتووە و دەڵێت، گومانی هەیە لەوەی چەکدانانی گرووپەکان ماوەیەکی زۆر بخایێنێت.
عیزەت شابەندەر ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا رێککەوتنی حکومەت و گرووپە چەکداران نەکراوە و هێشتا گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمێک بۆ چەکدانان دەکرێت.
بەگوتەی ئەو سیاسەتڤانە عێراقییە، هەندێک بژاردە لەبەرچاو گیراون، لەوانەش گۆڕینی گرووپە چەکدارەکان بۆ پارتی سیاسی و تیكەڵکردنەوەیان بە هێزە چەکدارەکانی عێراق.