عەبدوللەتیف سەلەفی و سەرۆککۆماری عێراق تاوتوێی كێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیکرد لە عەبدولـلەتیف ئەحمەد مستەفا، یەکێک لە رێبەرانی رەوتی سەلەفی لە هەرێمی کوردستان؛ نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، د. عەبدولـلەتیف پشتیوانی لە پێشنیازەکانی سەرۆککۆماری کردووە سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان. 
 
رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کرد کە دیدارەکە لە کۆشکی بەغدا بەڕێوەچوو، "باس لە پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتیی وڵات کراوە و تێیدا سەرۆککۆمار جەختی لە پێویستیی باشترکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان گشت هێزە سیاسییەکان کردەوە بۆ چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار، د. عەبدوللەتیف رەشید "جەختی لە پێویستیی بەهێزکردنی دیالۆگ و هاریکاری لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەک و لەنێوان لایەنە کوردییەکان لەلایەکی دیکەوە، کردووەتەوە. سەرەڕای بایەخی یەکلاکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور و یاسا، بەشێوەیەک کە مافەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان مسۆگەربکات."
 
هاوکات، ئاماژە بەوەکراوە، سەرۆکایەتیی کۆمار بەردەوام کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئەو راگیراوانەی ماوەی سزاکانیان تەواوبووە، تائێستاش نزیکەی نۆ هەزار کەسیان ئازادکراون؛ "هەروەها کارکردن لەسەر گۆڕینی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی رژێمی هەڵوەشاوە بەردەوامە، کە کاریگەریی نەرێنی کۆمەڵایەتی، مرۆیی و دیمۆگرافیان لەسەر توێژێکی بەرفراوان هەبوو."